ئەم هەفتەیە پرسی مووچە یەكێكی تر دەبێت لە پرسە گەرموگوڕەكانی هەفتە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا/ دووشەم یان سێیەم/ دادگای فیدڕاڵی كۆ ببێتەوە و بڕیارە لەبارەی ناردنی مووچە بدات.
بەغدا بەبێ هیچ بیانوویەك سزای بە كۆمەڵی فەرمانبەرانی كوردستانی داوە و مووچەی مانگی پێنجی رەوانە نەكردووە، هەرچەندە گوشارەكان لەسەر حكوومەتی عێراق زیاتر بوون، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دادگای فیدڕاڵ لەوبارەیەوە كۆببێتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 14ی حوزەیران، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەغدا، بۆ "وشە" گوتی، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دادگای فیدڕاڵ لەبارەی پرسی مووچە كۆ ببێتەوە و بە هەموو ئەگەرێكیش بڕیارەكان لە بەرژەوەندی كوردستان دەبێت.
ڕوونیشی كردەوە كە هەموو رێككارە یاساییەكان لە دادگای فیدڕاڵ تەواو بوون، بەڵام چاوەڕێ دەكرا تا دادوەرەكانی ئەو دادگایە لە فەریزەی حەج بگەڕێنەوە تا بڕیارە لەبارەی سكاڵاكە بدەن.
بە هەموو پێوەرێك ئەم هەفتەیە، هەفتەیی یەكلاكردنەوەی پرسی مووچە دەبێت، جیا لەوەیش هەرێمی كوردستان هەنگاوی تر دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی سزای بە كۆمەڵی لەو جۆرە لەلایەن بەغداوە دووبارە نەبێتەوە.