وەزارەتی رۆشنبیری بەفەرمی مامەڵەكردنی بە فۆرێكس قەدەغە كرد

:: PM:02:05:15/06/2025 ‌
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێم، ڕێكلامكردنی بۆ دراوی دیجیتاڵی و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوەكان، لە میدیای بینراو، بیستراو و پۆرتاڵ و ڕایەڵە ئەلیكترۆنییەكان قەدەغە كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم 15ـی تەمووز، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كە واژووی شێروان عەوڵا خورشید بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەرە و تێیدا هاتووە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان، ڕێكلامكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی (فۆرێكس) و دراوە دیجیتاڵییەكان، قەدەغەیە و بە هیچ شێوەیەك ڕێكلامی بۆ نەكرێت.

ئەوە لە كاتێكدایە رۆژی پێنجشەم 10ی نیسانی 2025، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار (ت ، س، ع) خاوەنی كۆمپانیای (توانا ئیف ئێكس)مان گرت.

لەبارەی تۆمەتەكەیەوە ئاسایش روونی كردووەتەوە، بە تۆمەتی فریودان و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و بانگەشەكردن بۆ دراوی ئەلیكترۆنی (فۆرێكس-FOREX) لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكانی، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمی ئابووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، دەركەوت هیچ مۆڵەتێكی دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیای نییە.

ئاسایش ئاماژەی داوە، بازرگانیكردن بە (فۆرێكس-FOREX)  نایاساییە و ڕێگەپێدراو نییە و بە هەدەردانی پارە و سامانی هاونیشتمانیانە.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا وریایی دراوە بە هاووڵاتییان و دەڵێت، "داوا لە هاووڵاتییان دەكەین خۆیان بەدوور بگرن لەم جۆرە بازرگانی و مامەڵەكردنانە تا سامانیان پارێزراو بێت".




وشە - رامیار جەواد