چەند رۆژێكی تر دەكەوێتە كار.. هەولێر تا سێ دەیەی تر كێشەی كەمئاویی نابێت

:: AM:09:08:16/06/2025 ‌
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رای گەیاند، پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، ناگاتە هەندێك گەڕەكی چواردەوری هەولێر، بەڵام چارەسەری كەمئاویی ئەو گەڕەكانەش دەكرێت. 

رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستە 95%ی كارەكانی  پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو بوون و بەمنزیكانە هەولێر كێشەی كەمئاوی تێدەپەڕێنێت.

بەڕێوەبەرەی ئاوی هەولێر ئەوەشی گوت، هەندێك ناوچەی وەك پیرزین و شاوێس و بەحركە لە چواردەوری هەولێردا، پڕۆژەكە نایانگرێتەوە، بەڵام بیری نوێیان بۆ دروست دەكرێت و حكوومەت نایەڵێت هیچ گەڕەكێك بێ ئاو ببێت.

پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر كە لەسەر بڕیاری سەرۆك وەزیرانی كوردستان جێبەجێ كرا، كێشەی ئاو لە هەولێر بۆ ماوەی 30 ساڵ چارەسەر دەكات، پڕۆژەكە وادەكات زۆرینەی ئەو بیرانەی هەن ئاویان لێ دەرنەهێنرێت، ئەمەش ئاوی ژێرزەوی دەبووژێنێتەوە.

 رابەر حوسێن گوتی، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی گەرما، خواست لەسەر بەكارهێنانی ئاو زیاد دەبێت، بۆیە زۆر لە بیرەكان بەهۆی پاڵەپەستۆی زۆری هاووڵاتییان، پەمپی ئاوەكەیان تێكدەچێت یان ئاستی ئاوی بیرەكان دادەبەزێت، بەڵام پڕۆژەكە كۆتایی بەبیر لە هەولێر دەهێنێت، چونكە پڕۆژەی بەستنەوەی هێڵی ئاوی گەڕەكەكان، بە درێژایی 411 كیلۆمەتر جێبەجێ كراوە و بە پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری دەبەسترێتەوە و چیتر پێویست ناكات بیرەكان كار بكەن.



وشە - سۆران عەزیز