سەرجەم كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دووبارە ناساندنەوەیان بۆ دەكرێت

:: AM:10:09:16/06/2025 ‌
ئاگادارییەك بۆ سەرجەم ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن بڵاو كرایەوە، بەپێی ئاگاداركردنەوەكە، پێویستە دووبارە سەردان بكەن بەمەبەستی ناساندن و تۆماركردنەوەیان.

بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان كە ئاراستەی لقەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كراوە، تێدا هاتووە، بڕیار دراوە سەرجەم كۆمپانیاكانی هەرێم دووبارە ناساندنەوەیان بۆ بكرێت، لە دوای یەكی تەمووزی ئەمساڵیشەوە كاری هیچ كۆمپانیایەك ڕایی ناكرێت ئەگەر دووبارە ناساندنەوەی نەكردبێت.

بەپێی نووسراوی بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئەو پرۆسەیە گرنگە بۆ بەدیجیتاڵكردنی داتا و زانیاریی كۆمپانیاكان، مەبەست لە پرۆسەكەش پێدانی ژمارەیەكی بێهاوتای بازرگانییە.

پێویستە بگوترێت بەپێی ئەو نووسراوە، تەواوی كۆمپانیا تۆماركراوەكانی هەرێمی كوردستان، دەبێتە پێناسی دیجیتاڵی و بەكار دێت بۆ ڕێكار و كارەكانی كۆمپانیاكان.


وشە - رامیار جەواد