دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی مووچە كۆ دەبێتەوە

:: AM:10:10:16/06/2025 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق، لەبارەی مووچەی مانگی پێنج و كۆی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی حوزەیران، كۆبوونەوە لە دادگای فیدراڵی هەیە، بابەتی سەرەكیش پرسی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانە.

"وشە" زانیویەتی ئەمڕۆ كۆبوونەوە دەكرێت، بەڵام مەرج نییە ئەمڕۆ بڕیارەكە رابگەیەنرێت، رەنگە بڵاوكردنەوەی بڕیارەكە بكەوێتە رۆژێكی تر.

دوێنێ جاسم محەمەد عەبوود سەرۆكی دادگاكە لەگەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆمار كۆ بووەوە، ئاماژە بەوە دراوە، لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دادگای فیدراڵیی عێراق، جاسم محەمەد بەڵێنی دا، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات، لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

ئەگەرەكانی بڕیاردان، لەوانە:
یەكەم: ڕاگرتنی نووسراوەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق.
دووەم: ڕوونكردنەوەیەك دەدرێت بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری پێشووی دادگاكە خۆی، كە لە ماوەكانی ڕابردوودا دەریكردبوو لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

هاوكات پێشتر پەرلەمانتاران رایان گەیاندووە، لەناو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار دراوە، هەركاتێك دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار لەبارەی ناردنی مووچە نووسراو دەربكات، ئەنجوومەنی وەزیران پابەندی ببێت و پارەكە بنێرێت


وشە - رامیار جەواد