پۆلیسی سلێمانی: كەسێكمان گرت 150 ملیۆن دینار و بڕێك زێڕی دزیبوو

:: PM:01:36:16/06/2025 ‌
پۆلیسی سلێمانی رای گەیاند، كەسێكمان لە سلێمانی گرت كە بڕی 150 ملیۆن دینار و بڕێك زێڕی لە ماڵێكدا دزیبوو.

بەپێی راگەیەنراوی پۆلیسی سلێمانی، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لە نووسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، سكاڵای تۆمار كرد كە زیاتر لە 150 ملیۆن دینار و بڕێك زێڕی لە ماڵەكەیدا لە یەكێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی لێ دزراوە، دادوەر بڕیاری دا بۆ لێكۆڵینەوە و گرتنی تۆمەتبار.

پۆلیس دەڵێت: مەفرەزەكانی نووسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد و توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و بگیرێت.

بەگوتەی پۆلیسی سلێمانی جگە لە گرتنی تۆمەتبار، تەواوی پارە و زێڕە دزراوەكانیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

پۆلیس ئاماژەی بەوەش كردووە، تۆمەتبار (س، م، أ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە، لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بەردەوامە.



وشە - سۆران عەزیز