داوای قەرەبووكردنەوەی حاجیان دەكرێت

:: PM:02:23:16/06/2025 ‌
بەهۆی گۆڕینی شێوازی گەشتەكان كە پێشتر پارەی چوون و هاتنەوەی فڕۆكەیان داوە، بەڵام ئێستە گەشتی هاتنەوە ئەنجام نەدراوە، بۆیە حاجیان داوای قەرەبوو دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی حوزەیران، ژمارەیەك لە حاجی پێوەندییان بە "وشە" كرد و رایان گەیاند، پارەی زیاتریان لە گەشتی حەج بە رێگەی ئاسمانی داوە، بەڵام لە هاتنەوە بەهۆی ئەو دۆخەوە بە رێگەی وشكانی هاتنەوە، بۆیە بە مافی خۆمان دەزانین قەرەبوو بكرێینەوە.

پێشتر حكوومەتی عێراق بۆ تەواوی حاجیان رێككەوتنی لەگەڵ هێڵی فڕۆكەوانی عێراق كردبوو كە چوون و هاتنەوەیان لە ئەستۆی ئەو كۆمپانیایە دەبێت.

كاروان ستوونی گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەگەر هەر قەرەبوویەك بە حاجیانی عێراق بدرێت، ئەوا بێگومان حاجیانی كوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە پێنج هەزار حاجی گەشتی سعوودیەیان ئەنجام داوە، چوونیشیان لە رێگەی وشكانی و ئاسمانی بوو.

ئەمساڵ عێراق هاوشێوەی كوردستان بڕیاری دا بۆ حەج، بڕە پارەیەك بە حاجیانی خۆی بدات كە چەندان ساڵە هەرێمی كوردستان ئەو كارە دەكات، بەڵام هاوكارییەكەی كوردستان بۆ حاجیان سێ‌ هێندەی هاوكارییەكانی عێراقە.



وشە - رامیار جەواد