بەرپرسی نووسینگەی كاروباری كوردانی فەیلی لە ھەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەفەرمان و راسپاردەی سەرۆك بارزانی، سەنتەری بەدواداچوونی كاروباری كوردانی فەیلی لە هەولێر تەواو بووە و ئێستە دەستیان بەكارەكان كردووە، ئەو سەنتەرە سەربە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتە.
ئەمڕۆ دووشەم 16ی حوزەیران، عەلی فەیلی بەرپرسی نووسینگەی كاروباری كوردانی فەیلی لە هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەسەر راسپاردە و فەرمانی سەرۆك بارزانی، سەنتەرێكی تایبەت بە كاروباری كوردانی فەیلی دادەمەزرێت. سەرۆك و جێگر و دەستە هەڵبژێردراوان و بارەگای نووسینگەكەیش كە ماوەیەك بوو كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ دەكرا، ئەویش تەواو بوو، بۆیە ئێستە كاری خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی باشتر شارەزابن لە كارەكانیان و تەنیا ماوە بە فەرمی بكرێتەوە.
عەلی فەیلی گوتی، ئەو سەنتەرە وەك دەستەی باڵای بنكەی لالش دەبێت و بەدواداچوون بۆ سەرجەم كێشە و داواكاریی كوردانی فەیلی دەكات، دەبێتە دەزگایەكی فەرمیی سەربە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەر كێشە و داواكارییەك لەلایەن كوردانی فەیلی ھەبێت، لەو رێگەیەوە كاری بۆ دەكرێت و بڕیارە دوای ئەو ھەنگاوە، لقی دەزگاكە لە بەغدا و دەرەوە و كەركووك و پارێزگاكانی تریش بكرێتەوە و فراوان بكرێت، بۆ ئەوەی بە رژدی كار لەسەر كێشەكانی كوردانی فەیلی بكات.
فەیلی ڕوونیشی كردەوە، ئەوە لەسەر فەرمان و راسپاردەی سەرۆك بارزانییە و ئەو دەزگایە دەبێتە پردێكی پێوەندی لە نێوان هاووڵاتی و حكوومەتی ھەرێم و بەغداش، چونكە ژمارەیەكی زۆری كوردی فەیلی بێ سەروشوێن و بێ ناسنامە و ژمارەیان چەندە، ئەوانە هەموویان كاریان لەسەر دەكرێت، لەبەرئەوەی تا ئێستە ئاماری كوردانی فەیلی لە عێراق خەمڵێنراوە كە نزیكەی دوو ملیۆن و 500 ھەزار كەسن، كار دەكرێت بۆ ئەوەی ئامارێكی فەرمی ھەبێت و بەدواداچوونیش بۆ سەرجەم كێشەكانیان بكەن بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن .
وشە/ بڵند ئیبراھیم