كەمال محەمەد: عێراق پێچەوانەی دەستوور و بڕیاری دادگا ئاستەنگ لە بەردەم هەناردەی نەوتی دروست دەكات

:: PM:03:51:16/06/2025 ‌
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بەپێچەوانەی دەستوور و یاسا و تەنانەت بڕیاری دادگاكانی عێراق، ئاستەنگ لە بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دروست كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 16ی حوزەیران، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان، لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەك لە ئاتیلا تۆس كونسوڵی گشتیی هەنگاریا و رافائێل مۆڤسێسیان كونسوڵی گشتیی ئەرمینیا، باسی ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستانی كرد. 

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتەكەی، وەزیری سامانە سروشتییەكان؛ ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی باس كرد و ڕای گەیاند، حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بەپێچەوانەی دەستوور و یاسا و تەنانەت بڕیاری دادگاكانی عێراق، ئاستەنگ لە بەردەم هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دروست كردووە، لە كاتێكدا هیچ كێشەیەك لە گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان نییە و ئامادە نییە ماف و گرەنتی و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی كۆمپانیاكان بدات.

لەلایەن خۆیانەوە هەردوو كونسوڵ پشتگیریی خۆیان و حكوومەتەكەیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی ناوەندی پێشان دا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم