حزبی شیوعیی كوردستان بڕیاری داوە لە 19ـی ئەم مانگە، كۆنگرەی هەشتەمی لە پارێزگای دهۆك ئەنجام بدات، بەپێی بەرنامەی كۆنگرەكە، لە دواین قۆناغی كۆنگرە سكرتێری حزب دێتە هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ دووشەم 16ـی حوزەیران، سوبحی مەهدی گوتەبێژی حزبی شیوعیی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی هەشتەمی حزبی شیوعیی كوردستان تەواو بوونە.
زیاتر گوتی، لە 19ـی حوزەیران لە شاری دهۆك، هەشتەمین كۆنگرەی حزب بەڕێوە دەچێت، ئەندامانی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی حەوتەم، ئەندامی كۆنگرە دەبن و بۆ ناوەندەكانی تر یەك ئەندام هەیە.
زیاتر گوتی، ژمارەیەك لە ئەندامانیش وەك میوان بەشدار دەبن، دەمانەوێت لە كۆنگرەدا راپۆرتی تەواوی پێگەكان و كارەكانیان بخەینە روو و گفتوگۆیان لەسەر بكرێت.
روونی كردەوە، دواین خاڵی كۆنگرە بریتییە لە هەڵبژاردنی كۆمیتەی ناوەندی، پێشنیار بۆ سەركردایەتی بەرز دەكرێتەوە و دوای هەڵبژاردنی كۆمیتەی ناوەندی، ئەو كۆمیتەیە هەڵدەستێت بە هەڵبژاردنی سكرتێری حزب.
حزبی شیوعیی كوردستان لە ماوەی رابردوودا لە كۆنگرەكان چەندان سكرتێری هەبووە، لەوانە عومەر شێخ و كەریم ئەحمەد و كەمال شاكر و كاوە مەحموود، ئەو حزبە لە ساڵی 1993 لە حزبی شیوعیی عێراق جیابووەوە و حزبی شیوعیی كوردستانی عێراقیان پێكهێنا، لە كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشدار بوونە و لە تەواوی هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش لیستیان هەبووە.