وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵە بە دابەشكردنی پسوولەی كارەبای مانگی پێنج بۆ هاوبەشانی ماڵان و بازرگانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی، كە تێیدا هاووڵاتییان كەمترین پارە دەدەن.
لە پڕۆژەی ڕووناكی، پسوولەی مانگی پێنجی هاوبەشانی كارەبا لە كوردستان بەمشێوەیە بوو:
نیوەی هاوبەشانی ماڵان كەمتر لە 20 دینار.
نیوەی هاوبەشانی بازرگانی كەمتر لە 44 دینار.
بەگوێرەی راگەیەنراوی پڕۆژكە، تا ئەمڕۆ، زیاتر لە 1.1 ملیۆن هاووڵاتی، كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین كراوە، لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناكی، كە یەكسانە بە ٪15ی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
بڕی پسوولەكان لە مانگی پێنجدا بڕی جیاوازی ئەو 1.4 ملیار دینارەش دەگرێتەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەردا بۆ پێدانەوەی جیاوازیی نێوان نرخە ئەزموونییەكان و نرخە نوێیەكانی كارەبا كە كەمترن لە نرخە ئەزموونییەكان، لە ئەنجامدا:
1- زیاتر لە 60 هەزار هاووڵاتی لە سەرانسەری كوردستان، بڕێك پارەیان بۆ گەڕاوەتەوە لەسەر پسوولەی كارەبای مانگی پێنج، بەشێوەیەك كە لە هەندێك گەڕەك هەر خێزانێك بە تێكڕا تاوەكو 80 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.
2- زیاتر لە لە 10 هەزار خێزان لە سەرانسەری كوردستان، بڕی پسوولەی كارەبایان بۆ مانگی پێنج بریتییە لە سفر دینار، بۆ نموونە، لە گەڕەكی شادیی شاری هەولێر، كە پڕۆژەی ڕووناكی تێیدا دەستی پێ كرد لە ساڵی ڕابردوودا، ٪90ی هاووڵاتییان هیچ پارەیەكیان نەداوە بۆ كارەبا.
بەپێی نرخە نوێیەكان، ٪80ی هاووڵاتییان، بە تایبەتی كەمدەرامەتان، پارەیەكی كەمتر دەدەن لە جاران، بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ كارەبای مۆلیدە و كارەبای نیشتمانی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، مەسروور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناكیی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە كۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەكانی كارەبا دا، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2026.
هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە، تا كۆتایی ساڵی 2025، سەنتەری شارەكانی هەرێمی كوردستان دەبنە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.