لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆمەڵێك گۆڕانكاری كرا، كە یەكێك لە گۆڕانكارییەكان لێسەندنەوەی پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی ئەو حزبەیە لە سەركەوت حەسەن، ناسراو بە سەركەوتی كوبە.
ئەمڕۆ دووشەم، 16ی حوزەیرانی 2025، سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو یەكێتی، بە "وشە"ی راگەیاند، مەكتەبی سیاسی بڕیاری دا بە لێسەندنەوەی پۆستی بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی حزبەكە لە سەركەوت حەسەن، ناسراو بە سەركەوتی كوبە.
سەرچاوەكە هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەكرد، كە پۆستی داهاتووی چی دەبێت، یان هۆكاری لێسەندنەوەی مەڵبەندەكە لەو چییە، بەڵام ئەوەی گوت، لە ماوەی رابردوودا سكاڵای زۆر لەسەر كاركردنی لەو سنوورە هەبووە.
لە ماوەی رابردوودا، "وشە" وەك تاكە میدیا، ئەوەی بڵاو كردەوە، "كیژان" /ژنێكی گەنجی 28 ساڵ/ کە دەكاتە خێزانی سەركەوت حەسەن چەندان كێشەی لە سنووری چەمچەماڵ ناوەتەوە، چەند جارێكیش بە چەك هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی كادرانی یەكێتی.
هەر لەو سۆنگەیەوە، بەشێكی زۆر لە كادرانی مەڵبەندەكە، لە ماوەی رابردوودا یاداشتێكی ناڕەزایەتییان دابوو بە سەركردایەتیی حزبەكەیان كە "كیژان" كێشەی بۆ دروست كردوون، دوور لە هەموو نەریتێكی حزبی لە تەواوی چالاكییەكانی مەڵبەندەكە بەشدار و بڕیاردەرە.
سەركەوت حەسەن، یەكێك بوو لە سەركردەكانی پێشووی گۆڕان، بەڵام دواتر گەڕایەوە ناو یەكێتی، پێشووتر بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی بووە، بەڵام ئێستە خانەنشین بووە و جگە لە ئەركی حزبی هیچ ئەركێكی تری حكوومیی نییە.