پڕۆژەی ریساكلینی ئاو كە بە پڕۆژەی (تێكڕای خەرجی سفری ئاو) لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان كەوتە كار، پڕۆژەكە ئێستە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و لە قۆناغی ئیشپێكردنی سەرەتاییە.
ئەمڕۆ سێشەم 17ـی حوزەیران، ئاری ئەحمەد بەڕێَوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی هاوبەشكاری نێودەوڵەتیی نێوان ڕێكخراوی UNICEF و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەی (تێكڕای خەرجی سفری ئاو) ئێستە گەیشتە قۆناغی كۆتایی.
زیاتر گوتی، پڕۆژەكە ئێستە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و لە قۆناغی ئیشپێكردنی سەرەتاییە، ئەم پڕۆژەیە بە جێبەجێكردنی، بە بڕگەیەكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دادەنرێت.
روونی كردەوە، ئامانجەكانی ئەم پڕۆژەیە و گرنگییەكەی بۆ پاركی سامی عەبدولڕەحمان، بریتییە لە كەمكردنەوەی ئەو مەترسییانەی كە ڕووبەڕووی ئەم پاركە دەبنەوە لە رووی دابینكردنی ئاوی تایبەت بە ئاودان، ئەویش بەهۆی دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێرزەویی تایبەت بە بیرەكانی ئەم پاركە و وشكبوونی چەند بیرێك لە ساڵانی رابردوودا.
باسی لەوەش كرد، كاریگەرییەكانی پڕۆژەكە بریتییە لە پاراستنی ژینگە و زیندووكردنەوەی ڕووەك و دارەكانی پارك، بەهێزكردنی سیستمی ئاودێری و بەڕێوەبردنی ئاو لە ناوچەكەدا.
بە گوتەی ئاری، بۆ داهاتوو دەتوانرێت ئەم پڕۆژەیە بە نموونەیەك بۆ پڕۆژەكانی زیندووكردنەوەی ژینگەیی لە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان بەكار بهێنرێت.
پڕۆژەكە لە توانایدایە رۆژانە 800 مەتر سێجا ئاوی ئاوەڕۆ چارەسەر بكات و خاوێنی بكاتەوە، تا ئاستێك بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەكانی ئاوی ئاودێری.