نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری ده‌رەوه‌ی ئێران دۆخی ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

:: AM:11:05:17/06/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین پێشهاتەكانی ئۆپراسیۆن و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ كرد.

شەوی ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.

لەو پێوەندییەدا دوایین پێشهاتەكانی ئۆپراسیۆن و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ كرد، لەبارەی كاریگەری و لێكەوتەكانی لەسەر ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە ئاڵۆزیی زیاتر، بۆ ئەم مەبەستەش دووپاتیان لەوە كردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ ڕاوەستاندنی كردارە سەربازییەكان و چارەسەركردنی ئاشتییانەی ناكۆكییەكان.

لە بەشێكی تری پێوەندییەكەدا، هەردوولا تیشكیان خستە ڕێككەوتنی تەناهیی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران و لەمبارەیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پابەندیی هەرێمی بە ڕێككەوتنەكەوە دووپات كردەوە.‌  

مەترسییەكانی ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری پێشهاتەكان و چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری پێوەندییەكە تەلەفۆنییەكە بوو.



وشە - رامیار جەواد