لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا دهۆك یەكەمی عێراقە

:: AM:11:40:17/06/2025 ‌
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، 83%ـی دەنگدەرانی دهۆك زانیارییەكانیان لە تۆماری دەنگدەران نوێ كردووەتەوە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق.

 ئەمڕۆ سێشەم 17ـی حوزەیران، بەپێی لێدوانی خالید عەباس بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە دهۆك 144 هەزار دەنگدەر تۆماری خۆیان نوێ كردووەتەوە كە دەكاتە ڕێژەی 83%، ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق.

پێشتر لە 25ـی ئادار، ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لە هەزار و 79 ناوەندی تۆماركردن لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەست پێ كرد.

بەپێی بڕیارێكیش ئۆفیسەكانی تۆمار و نوێكردنەوەی دەنگدان لە رۆژانی پشووشدا كراوە دەبن، تا زۆرترین هاووڵاتی تێیدا سوودمەند بن.

بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ خولی شەشەم بەڕێوە بچێت.



وشە - رامیار جەواد