لەبارەی كڕینی ئاوی تانكەر هۆشداریی بە دانیشتووانی سلێمانی دەدرێت

:: PM:01:18:17/06/2025 ‌
قایمقامییەتی سلێمانی لەبارەی كڕینی ئاوی تانكەر، هۆشداریی بە هاووڵاتییان دەدات كە هەموو تانكەرەكان ئاوەكانیان خاوێن نییە.

بەهۆی وشكەساڵی و نەبوونی بارانی پێویست، ئەمساڵ دانیشتووانی سلێمانی ئاو بە تانكەر دەكڕن، بەشێك لەو تانكەرانەش ئاویان خاوێن نییە و بەشێكیشیان بەگوتەی بەرپرسانی شارەكە، بەگران ئاو بە هاووڵاتییان دەفرۆشن.

عامر محەمەد سەرۆكی لیژنەی شەمعە لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی رای گەیاند، لە وەرزی هاویندا بەشێك لە هاووڵاتییان بەناچاری ئاوی تانكەر دەكڕن، پێویستە ئەو هاووڵاتییانە چاوكراوە بن و رێگە نەدەن نرخی زیادیان لێ بسەنرێت، یان ئاوی ناتەندروستیان پێ بفرۆشرێت، چونكە پێوەندیی بە تەندروستییانەوە هەیە.

باسی لەوەش كرد، ئەو تانكەرانە كە ئاو بۆ ماڵان دەبەن، پێویستە لۆگۆی رێگەپێدانیان پێوە بێت، هەر تانكەرێك لۆگۆی پێوە نەبێت و لێی نەنووسرابێت ئاوی ئەم تانكەرە شیاوە بۆ خواردنەوە، ناكرێت ئاوەكەی بۆ خواردنەوە بەكار بهێنرێت.

ئەوە لە كاتیكدایە رۆژی دووشەم قایمقامییەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، قایمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و لێپرسراوی فەرمانگە پێوەندیدارەكان كۆبووەوە: "رێكاری پێویست دیاری كرا بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئاوی پێویستی خواردنەوەیان بەدەست بگات و ئاو بۆ باخچە و سەوزاییەكانیش دابین بكرێت. "

قایمقامی سلێمانی رای گەیاند: "ڕووبەڕووی دۆخێكی نەخوازراو بووینەتەوە كە وشكەساڵییە، هەموو هەوڵی خۆمان بەكار دێنین بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا ئاوی پاك بۆ خواردنەوە و ئاودانی باخ و سەوزاییەكانیش دابین بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا رێگە بگرین لە بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون و رشانەوە و ڤایرۆسی كۆلێرا. "

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا هەموو ئەو بیرانە لە دەوروپشتی سلێمانی هەن و ئاوەكانیان بەكەڵكی خواردنەوە دێن، چاك بكرێنەوە و تا كۆتایی وەرزی هاوین ئیدارە بدرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پەنا نەبەنەبەر ئاوی ناشیاو. 

هاوكات لە ڕێگەی شەمعەكانەوە ئاو بۆ سەوزایی و باخچە و پاركەكان دابین بكرێت، چاودێریی هەموو ئەو تانكەرانە بكرێت كە ئاو دەفرۆشن بە هاووڵاتییان.



وشە - سۆران عەزیز