لەوەتەی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەشێك لە پەیجەوان و ئەو میدیایانەی كە لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تمەنیان بۆ رەوانە دەكرا و دژی كوردستان ئاراستە دەكران، هەموو چەواشەكارییەك بەكار دێنن تا نائارامی بخەنە كوردستانەوە.
لە بەرانبەر ئەو چەواشەكارییانەدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات رەوشی دەروونی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.
هاوكات بەشێك لە چاودێرانی سیاسییش، ئەو كەس و جۆرە میدیایانەی هەوڵی دروستكردنی نائارامی لە كوردستان دەدەن، بە "جاش" پێناسە دەكەن.
نیاز حاجی چاودێری سیاسی، لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، چەند میدیایەكی چەواشەكار و بەكرێگیراو چەند رۆژێكە خەریكی بڵاوكردنەوەی دەیان بابەتی درۆ و هەڵبەسراون، ئەمەش بۆ مەبەستی دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو هاووڵاتییان.
"ئەرێ ئەو كەس و میدیا بەكرێگیراو و چەواشەكارانە هیچ شەرم و حەیایەكیان تێدا هەیە كاتێك بە رۆژی رووناك درۆ بۆ خەڵك دەكەن، هەر بە رۆژی رووناكیش درۆ و چەواشەكارییەكان چەند سەعاتێكی بەسەردا تێپەڕنابێت ئاشكرا دەبێت، دەبێ ئەو میدیا و كەسانە چ رووێكی قایم و لاستیكیان هەبێ كە دێنەوە ناو خەڵك، هیچ رێزێكیان بۆ بینەرانی خۆشیان نییە و وەك كەر و گا دەیانبینن" نیاز حاجی وای نووسیوە.
لەلایەكی ترەوە، ئامانج عەلی خۆشناو، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" گوتی، ئەو میدیایانەی چەواشەكاری بڵاو دەكانەوە و هەموو ئاوات و ئامانجیان ئەوەیە ئارامی هەولێر تێك بدەن، چونكە لە رابردوو ئاراستە كراون و كڕدراون.
ڕوونیشی كردەوە، خەڵكی كوردستان باش دەزانێ دۆخی كوردستان زۆر ئارامە و بە درۆی چەند پەیج و میدیایەك راستی ناشێوێ، بەڵام بۆ مێژوو باشترە كە ئەوانە دەست لەو جۆرەی جاشایەتی هەڵبگرن.