دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەسەر بنەمای لیستی ئەندامانی پێش رووداوەكانی هەشتی تەمووز، پێوەندیی بە ئەندامانی دەكات و داوای دەنگدانیان لێدەكات، لە كاتێكدا زۆرینەی ئەوانە لە"دەركراوەكان"ن.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" چەند رۆژێكە دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، دەستی بە پێوەندیكردن بە ئەندامانی حزبەكەیەوە كردووە، داوای دەنگدان و چوونیان بۆ كۆمیتەكان دەكەن، ئەمەش وەك ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لێكدەدرێتەوە.
شاهۆ كەریم یەكێك لەو كەسانەیە پێوەندیی پێوە كراوە، بە "وشە"ی راگەیاند، لەم رۆژانەدا پێوەندییەكی تەلەفونیم بۆ هات، كەسێك وەك دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی خۆی ناساند، ئەو كەسە دوای دووپاتكردنەوە لە ناوی سیانی و شوێنی نیشتەجێبوون، داوای كرد بچمە نزیكترین كۆمیتە و دەست بە ئامادەكارییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بكەم.
زیاتر گوتی، منیش دوای گوێگرتن بەو كەسەم گوت، ئێستە ئەندامی یەكێتی نەماوم و نازانم چۆن یەكێتی لە رووی دێت پێوەندیی بە ئەندامە نانبڕاوەكانی بكات.
لای خۆیەوە ئاسۆ مستەفا چاودێری سیاسی، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی ئێستە لەناو یەكێتی دەگوزەرێت، هەموو شتێكە حزبایەتی نەبێت. "كێشە ناوخۆییەكان و زاڵبوونی باڵەكانی دەباشان بەسەر باڵ و گرووپەكانی تری حزبەكە، كەس بەكەسی هێناوەتە ئاراوە و بازرگانی و سەرمایەداری شوێنی بنەماكانی كاری رێكخراوەیی گرتووەتەوە".
بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت و یەكێتی بە كێشەكانیەوە خۆی بۆ بەشداریكردن ئامادە كردووە.
وشە/ سلێمانی