سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، نامەیەكی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستانی لەبارەی پرسی مووچە، رادەستی سەرۆك كۆماری عێراق كرد.
ئەمڕۆ یەكشەم، 22ی حوزەیرانی 2025، عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، كۆبوویەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی نووسینگەی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا، دوایین پێشهاتەكانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، چۆنیەتی دوورخستنەوەی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە لەو شەڕە وێرانكارییە و كاردانەوەكانی ئێستە و داهاتووی لە سەر عێراق، تاوتوێ كرا.
هاوكات پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە تایبەتی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە، گفتوگۆی لەسەر كراوە.
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، نامەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە ئاراستە لایەنە پێوەندیدارەكان كراوە، رادەستی سەرۆك كۆمار كرد و ناوەڕۆكی نامەكە لە كۆبوونەوەی چوار سەرۆكایەتی، كە ئەمڕۆ بە مەبەستی تاوتوێكردنی ڕەوشی گشتی وڵات گرێ دەدرێت، باس دەكرێت.