بەپێی ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا، ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێكی تایبەتی بۆ سەرۆك مەسعوود بارزانی ناردووە و داوای كردووە، سەرۆكایەتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بكات.
ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی كردەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان كە لە دیدارەكانی پێشووی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، پەیامی بۆ حزب و بازنە كۆمەڵایەتییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ناردبوو، لە پەیامە نوێیەكەیدا بۆ بازنەكانی سیاسیی كورد لە باكور، باشوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و رەوەند، جارێكی تر داوای كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كردووە.
ئۆجەلان داوا لە سەرۆك بارزانی دەكات سەرۆكایەتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بكات، دڵنیایی پێ داوە كە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەكان دەكات بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و پێی وایە، كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كۆتایی بە دابەشبوونی كورد دەهێنێت.
ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا بە پێویستی زانیوە لە قۆناغی ئێستە و لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد و داننان بە پێگەی گەلی كورد، بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە پێویستییەكی بەپەلە دەزانێت و دەڵێت: نابێت دوا بخرێت.
ئاژانسەكەی باكوری كوردستان باسی لەوە كردووە، بەپێی لێكدانەوەكانی ئۆجەلان، دابەشبوونی كورد برینێكی گەورەیە و كورد لاواز دەكات. پێویستە ئەو مەرج و دەرفەتانەی كە هەن بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد، سوودیان لێ وەربگیرێ و داوای كرد كۆنگرە ببەسترێت.
ئۆجەلان داوای لە پارتە كوردییەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، رێكخستنە كۆمەڵایەتییەكان و كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكان كردووە، بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ بەستنی كۆنگرە وەك ئەركێكی مێژوویی هەڵبگرن.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا دڵنیایی داوەتە سەرۆك بارزانی كە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەكان دەكات بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و ئەركەكانی. پێی وایە رەنگە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كۆتایی بە دابەشبوونی كورد بهێنێت. "لە ژێر چاودێری كۆنگرەی نەتەوەییدا، پێویستە كۆمیتەی نەتەوەیی هاوبەش و كۆمیتەی زمان و رۆشنبیری و مێژوو دابمەزرێنرێت و بەپێی پێویست لیژنەی نوێ دابمەزرێنرێت".
ئۆجەلان بەپێویستی زانیوە كۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێستێكی هاوبەش دیاری بكات، لە بەرانبەر هێرشە چاوەڕوانكراوەكان دژ بە بوونی كورد و ناسنامە و زمان و كولتوور و جیۆگرافیادا هەنگاو بنێت.