لە هیچ یاسایەك و هیچ وڵاتێكدا نییە لە بەرانبەر پێدانی مووچەی فەرمانبەران مەرج دابنرێت، چونكە دابەشكردن و پێدانی مووچە مافێكی سەرەتایی و بێ مەرجە و پێویستە مانگانە بەبێ گرفت دابەش بكرێت و نەبەسترێتەوە بە لایەنە سیاسی و كێشەكانەوە، بەڵام بەغدا بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، مەرج بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دادەنێت و زیاتر لە دوو ساڵیشە بەو جۆرە ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەران بدات تا مەرجەكانی جێبەجێ نەكرابن.
نەزیرە جاف پارێزەری راوێژكار، بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك ئامادەی رێككەوتن و چارەسەری كێشەكانە لەگەڵ بەغدا، چەندان جار شاندی هەرێمی سەردانی بەغدای كردووە، بەڵام بەغدا بەربەستی نوێ دەدۆزێتەوە و هەموو مانگێك مووچە دوا دەخات، راستییەكەی بەغدا ئەوەی ناوێت، بەغدا دەیەوێت لە بەرانبەر پێدانی مووچەی فەرمانبەران كە مافە و هیچ بیانوو مەرجێك قبووڵكراو نییە، مەرج دابنێت و تا مەرجەكەی جێبەجێ نەكرێت، مووچە نانێرێت، ئەوە لە هیچ یاسایەك جێگەی نابێتەوە، بەڵام بەغدا خەریكە ئەوە دەكات.
روونی كردەوە، بەغدا هیچ كاتێك ئامانجی ئەوە نییە كە خزمەتی گەورە بە كوردستان بكات و ناكرێت پارە و بودجەمان لە دەستی بەغدا بێت، دڵی خۆمان خۆش بكەین كە بەهۆی بەغداوە ژیانمان خۆش دەبێت و كاری باش دەكەین و پڕۆژەی باش دەكەین، ئێستە ناچارییە خەڵك چاوەڕێی بەغدا دەكات، چونكە بمانەوێت یان نا پارە و مووچە لە ژێر دەستی بەغدایە و دەبێت بەغدا بۆمان بنێرێت، بەڵام قسەكە ئەوەیە ئایا بەغدا بۆچی مەرج دادەنێت، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مەرجی بۆ چییە ئەگەر مەرامێكی لە پشت نەبێت و خەریكی پلانێك نەبن.
لای خۆیەوە رێبوار كەلاریی چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا بەردەوامە لە برسیكردنی هەرێمی كوردستان، ئەوە ئەو سیاسەتەیە كە چەندان ساڵە بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان پێڕەوی دەكات و نەگۆڕە، بەڵام ئەوانەی داوایان كرد مووچە بچێتەوە سەر بەغدا و چەپڵەیان بۆ بەغدا و نەیارانی كورد و كوردستان لەناو پەرلەمانەوە لێ دەدا، ئەوە بووە مایەی ئەو دۆخەی كە ئێستە خەڵكی كوردستان و فەرمانبەران تێی كەوتوون، ئەوان بوون وایانكرد بەغدا زیاتر گوشار بكات.
روونی كردەوە، لە رابردوودا هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بێ وێنەی هەبوو و ئەو پێشكەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیرییە، هەڕەشەیە بۆ هێزە سیاسییە عێراقییەكان، بەتایبەتی ئەو رووخسارەی باسی لێوە دەكەین كە لە ناو هێزە شیعە و سوننەكان بوونی هەیە، بەغدا با باش بزانێت هیچ كات ناتوانێت بەو جۆرە بەردەوام بێت و ستەم لە خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات و مووچەكانیان نەدا، هەرێمی كوردستان خاوەن ئیرادەیە و بەغدا ئەوەشی بۆ ناچێتە سەر.
وشە/ هۆشیار عەلی