پێكهاتەكانی مووسڵ دژی گرووپە چەكدارەكان دەوەستنەوە

:: PM:03:38:23/06/2025 ‌
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، مووسڵ شارێكی فرە پێكهاتەیە و ژمارەیەكی زۆری گرووپی چەكداری لێیە، بەردەوام سكاڵایان لێ دەكەن كە دژایەتیی پێكھاتەكان كار دەكەن، بۆیە لەم ھەڵبژاردنەدا ئەو پێكھاتانە سزایەكی باشی ئەو گرووپە چەكدارانە دەدەن و تۆڵەی خۆیانیان لێ دەكەنەوە .

ئەمڕۆ یەكشەم 23ی حوزەیران، سەگڤان سندی جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، لە پارێزگای مووسڵ چەندان پێكهاتەی لێیە وەك كورد و سوننە و شیعە و مەسیحی و شەبەك و ئێزیدی، ھەمووان لەو شارەدا دەژین، بەڵام ژمارەیەكی زۆری گرووپی چەكدار دروست بوونە و بە هەموو شێوەیەك دژی پێكهاتەكانن و دەستدرێژیی دەكەنە سەریان، بەردەوام دێن بۆ لای ئێمە و سكاڵا دەكەن بەهۆی دەستدرێژیی گرووپە چەكدارەكان لە پێكهاتەكان، بۆیە بە هەموو شێوەیەك بوونی ئەوان لە مووسڵ ڕەت دەكەنەوە و قبووڵیان نییە ئەو گرووپە چەكدارانە لە مووسڵ بن و داوا دەكەن نەمێنن .

سندی گوتی، پێكهاتەكان زۆر دڵیان لەو گرووپە چەكدارانە پڕە و دەیانەوێت تۆڵەیان لێ بكەنەوە، ئەویش لە رێگەی سندووقەكانی دەنگدان سزایان دەدەن و دەنگیان پێ نادەن، بۆیە لەم ھەڵبژاردنەدا پێگەی گرووپە چەكدارەكان و حەشدی شەعبی لە مووسڵ زۆر لاواز دەبێت و هیچ پێكهاتەیەك پشتگیرییان لێ ناكات، چونكە ئەوان دەیانەوێ بە زۆر وا لە خەڵك بكەن پشتگیرییان بكەن و خەڵكیش ئەوە ڕەت دەكەنەوە.

دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە هەن و نەگەڕاونەتەوە بۆ مووسڵ، ھۆكاری سەرەكیش بوونی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانە لەو شارە، بۆیە لەم ھەڵبژاردنەدا سزایەكی قورسیان دەدەن .

وشە/ بڵند ئیبراھیم  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم