توركیا هەموو ئاسانكارییەك بۆ گەشتیارانی هەرێمی كوردستان دەكات

:: PM:04:06:23/06/2025 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئەرمان تۆپچو كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسی و لێكەوتەكانی، هەروەها جووڵەی هاتوچۆیان لە سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دوای داخرانی فڕۆكەخانەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كرد.

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی لایەنە پێوەندیدارەكانی توركیای كرد بۆ ئەو ئاسانكارییەی بۆ گەڕانەوەی گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە خاڵە سنوورییەكان پێشكەشی دەكەن. هەر لەمبارەیەوە بەتایبەتی ستایشی ڕۆڵی كونسوڵی گشتیی توركیای لە هەرێمی كوردستان و تیمەكەی كرد.

لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی توركیا، ئامادەیی لایەنە پێوەندیدارەكانی توركیای بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەك بۆ گەشتیاران و هاووڵاتییان و سەردانیكەرانی هەرێمی كوردستان لە خاڵە سنوورییەكان دووپات كردەوە، هەروەها ستایشی دەزگا و لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی لە خاڵە سنوورییەكان كرد كە تەواوی ئامادەكارییان بۆ ئەو دۆخە كردووە.

لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەشیان باس كرد.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم