پۆبجی كێشەی بۆ پسوولەی خۆراك دروست كردووە

:: AM:09:42:24/06/2025 ‌
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراكی هەولێر رای گەیاند، ئەوانەی لەناو مۆبایلەكەیان پۆبجیان هەیە، كێشە بۆ پڕكردنەوەی زانیارییەكانیان دروست دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی حوزەیران، سیامەند قادر نانەكەلی بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، تكایە ئاگاداربن لە كاتی پڕكردنەوەی ئەپڵیكەیشنی پسوولەی خۆراك، بەهیچ شێوەیەك ئەو مۆبایلە بەكار مەهێنن كە یاریی پۆبجی (PUbG)  و یارییە ئۆنلاینەكانی لەناو مۆبایلەكەدایە.

دەشڵێت، ئەو یارییانە ئەكاونتەكەی ئەوروپی و ئەمەریكییە، لە كاتی پڕكردنەوەی ئەپڵیكەیشنی پسوولەی خۆراك، ڕاستەوخۆ پسوولەی خۆراكتان بە گەشتیار (مسافیر) داخل دەكرێت و پسوولەی خۆراكەكەشتان ڕادەوەستێت.

ئەوە لە كاتێكدایە تەنیا حەوت رۆژ كات ماوە بۆ پڕكردنەوەی پسوولەی خۆراك، پێویستە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت بەشەخۆراكیان رانەگیرێت، ئەو زانیارییانە پڕ بكەنەوە.

لە سێی حوزەیراندا پسوولەی خۆراك لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان چالاك كراوە و تەنیا یەك مانگ كات بە هاووڵاتییان دراوە.



وشە - رامیار جەواد