بەیانیی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار بە 143 هەزار و 250 دینار بوو، بەڵام بەهۆی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران، هەر 100 دۆلارێك دوو هەزار دیناری هاتە خوار.
ئەمڕۆ سێشەم 24ـی حوزەیران، عەبدولڕەحمان حاجی كەمال خاوەن نووسینگەی دراوگۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی ئەو ئاگربەستەی لە ناوچەكە راگەیەنرا، نرخی دۆلار لە بەیانییەوە رووی لە هەرزانی كردووە.
زیاتر گوتی، لە سەعات هەشتی بەیانی 100 دۆلار بە 143 هەزار و 250 دینار بوو، پێش نیوەڕۆ نرخەكەی گەیشتە 141 هەزار و 750 دینار.
باسی لەوەش كرد، ئەو نرخە جێگیر نییە، رەنگە دوای نیوەڕۆ روو لە زیادبوون بكات یان نزم ببێتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕەكان وەك خۆیەتی و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ نییە.
ئەوە لە كاتێكدایە گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو لە هێوروبوونەوەن، بەیانیی زووی ئەمڕۆیش ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێكردنەوە.