بەغدا بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان برسی بكات و لە بەرانبەر پارە و مووچە خۆی بسەپێنێت و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بشكێنێت، ئامادەیە درێژە بە نەدانی پارە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەوە چەندان جارە بەغدا پارە و مووچەی خەڵكی كوردستان دەبڕێت.
بەگوتەی پەرلەمانتاران و سیاسییەكان، برسیكردنی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوو زۆر كەس پێیان وابوو ئەگەر مووچە و بودجە لەسەر بەغدا بێت، مانگانە پارەیەكی زۆر رەوانەی هەرێم دەكرێت و كێشەی مووچە نامێنێت، ئێستەیش خۆیان بێدەنگ بوون و هیچ هەڵوێست و قسەیەكیان نییە لەسەر ئەو مامەڵەیەی بەغدا بەرانبەر فەرمانبەرانی هەرێم دەیكات.
ناسر هەركی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بەغدا و دەسەڵاتدارانی بەهەموو شێوەیەك لە رابردوو تا ئێستە دژی هەرێمی كوردستان بوون، راستییەكەی بەغدا هەوڵی شكستهێنان بە قەوارەی هەرێم دەدات، رووخساری سیاسیی نوێی عێراقی لە دوای هەڵبژاردنی 2021، رووخسارێكی پڕ لە قینە و چاوپێهەڵنەهاتن بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانە، رووخسارێكە پەنا بۆ سزادانی هەرێم دەبات، سەرەڕای هەموو رێكارە یاساییەكانی هەرێم بەرانبەر بە حكوومەتی بەغدا، بەڵام بەردەوام بیانووی یاسایی و تەكنیكی دەدۆزنەوە، ئەوەش لە پێناو نەدانی شایستە داراییەكان و شكستهێنان بە دەستەڵاتی حوكمڕانی هەرێم تا ناڕەزایی هاووڵاتییانی كوردستان زیاد بكات.
روونی كردەوە، بەغدا خەڵكی كوردستان برسی دەكات ئەمە لە هیچ شتێكدا جێگەی نابێتەوە، سیاسەتی بەغدا بەرانبەر هەرێم سیاسەتێكە لە چوارچێوەی پیلان دژی هەرێم، هەرێمی كوردستان بنكەی دیپلۆماسیی وڵاتانی زلهێزی لەخۆ گرتووە و بە ناوچەیەكی ئارامی لە قەڵەم دەدەن، لەبەر ئەو ئارامی و ئاسایش و سەقامگیرییەی تێیدا بەرقەرارە، پەرلەمانتار و وەزیر و كاربەدەستانی حكوومەتی عێراقی، ئەو شەڕە دەكەن لە پێناو لاوازكردنی هەرێم، ئەمەش یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی نەدانی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە محەمەد عادل چاودێری سیاسی لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، خەڵكی عێراق خواستیان نییە پێكەوەژیان لە نێوان كورد و عەرەبدا هەبێت، ئەوەش روونە كە ئەوەی لە عێراق دەسەڵاتی هەیە كۆمەڵێك گرووپن، بەتایبەتی شیعە و سوننەیان لەگەڵ بێت، بۆیە ئەگەر پێشتر لە عێراق هاووڵاتییانی كوردستان بە پلە دوو سەیر بكرانایە، ئێستە بە پلە چواریش سەیر ناكرێن، ئەمە دیدی دەسەڵاتی عێراقە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەی بەرانبەر هەرێم دەكرێت بۆ مووچە، جێبەجێكردنی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێیە، ئەوانەی چەپڵەیان بۆ عێراق و دەسەڵاتی عێراق لێ دەدا، نە لە مێژوو شارەزان و نە لە سیاسەت، دەبێت هەمووان بەغدا رێسوا بكەن چونكە خەڵك برسی دەكات.
حەسەن مارف مامۆستا لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕینی مووچە و برسیكردنی فەرمانبەرانی هەرێم، لەسەر حیسابی ئەوانەیە دەیانگوت بەغدا باشترە لە حكوومەتی هەرێم و با مووچە لەسەر بەغدا بێت، بەغدا هەمیشە نیازی باشی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان نەبووە، ئەو هەركات دەسەڵاتی هەبووبێت، كاری بۆ لاوازكردنی هەرێم و گوشاركردنە سەر هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوانەی دەیانگوت بەغدا باشترە، بۆچی ئێستە بەرگری لە مووچەی فەرمانبەران ناكەن، فەرمانبەر بەدیار سیاسەت و بڕین و نەدانی مووچەی بەغدا دوو ساڵە پشوویەكی نەداوە.
وشە/ هۆشیار عەلی