دەزگای ئاسایشی هەرێم /سلێمانی/ راگەیەنراوێكی لەبارەی هەوڵدان بۆ خۆپێشاندانی ئەمڕۆ، و گرتنی رێكخەر و چەندان كەسی تری بەو هۆیەوە بڵاو كردەوە.
دەزگاكە لە راگەیەنراوێكدا رای گەیاند، لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی تەناهییەوە زەمینە لەبار نییە بۆ خۆپێشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر هاووڵاتییان و خەڵكی ناڕازی، بەپێویستی دەزانین رای بگەیەنین، لە رۆژانی رابردوودا بە وردی ئاگەداری پیلانێكی دەستێكی گێرەشێوێن بووین كە بەنیاز بوون خۆپێشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی، وەك دەرفەتێك بقۆزنەوە بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی پارێزگاكە و لە رێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواكارانی هەق، مەرامە سیاسییەكانی خۆیان بەدی بهێنن.
"بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، ناچار بووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەك لە رێكخەرانی خۆپێشاندانەكان بگرین، كە هیچ ئاگەداری پیلانگێڕییەكە نەبوون، ئامانجیش لە گرتنیان تەنیا پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپێشاندەران و خەڵكی ناڕازی بوو، بۆ ئەوەی هیچ كەسێك نەبێتە قوربانی". دەزگای ئاسایشی هەرێم وای نووسیوە.
لە كۆتایشدا دەڵێن، ئەندامانی هێزە تەناهییەكانیش وەك هەموو مووچەخۆران ناڕازین لە دواكەوتن و نەناردنی مووچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی هێزە تەناهییەكان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاووڵاتییانە، بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێك درێخی ناكەن.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ، "وشە" ورد و درشتی ئەو دۆخەی بڵاو كردەوە، كە ئێستە دەزگای ئاسایشی هەرێم پشتڕاستی كردەوە.