تاڤگە عومەر: هێشتا 12 كەس لە رێكخەرانی خۆپێشاندانی ئەمڕۆی سلێمانی ئازاد نەكراون

:: PM:05:57:26/06/2025 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری یاسایی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان كە ئێستە بۆ بەدواداچوون لەسەر گرتنی خۆپێشاندەران لە سلێمانییە، رای گەیاند، 12 كەس ماون ئازاد بكرێن. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی حوزەیران، بەمەبەستی رێكخستنی خۆپێشاندان دەیان كەس لەلایەن دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی گیران، هەرچەندە بەشێكیان ئازاد كراون، بەڵام جارێ‌ 12 كەسی تر ماون. 

تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان كە بە نوێنەرایەتی سەرۆكی دەستەكەی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات، بە "وشە"ی راگەیاند، دوای بەدواداچوون و گفتوگۆ لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی رۆژنامەنووسان و چەندان كەسی تر ئازاد كراون كە ئەمڕۆ ویستوویانە خۆپێشاندان بكەن لە سلێمانی. 

ڕوونیشی كردەوە كە ئێستە 12 كەس ماون لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئازاد بكرێن و " بەڵێنمان وەرگرتووە لە سەعاتەكانی داهاتوودا ئەوانەیش ئازاد بكرێن".

لە كاتێكدا ئەمڕۆ بڕیار بوو بەشێك لە مامۆستایان و ئەوانەی لە رابردوودا خۆپێشاندانیان لەو شارەدا دەكرد، دەست بە خۆپێشاندان بكەنەوە، بەڵام هێزە تەناهییەكان لەو سنوورە دەستیان نەپاراست و ئەوەی كەوتە بەردەستیان راپێچیان كردن.

"وشە" زانیاری وردی لەسەر ئەو خۆپێشاندانە و گرتنی رێكخەرانی بڵاو كردەوە، .. كلیك لێرە بكەن

هاوكات دەزگای ئاسایشی هەرێم رای گەیاند، بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، ناچاربووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەك لە رێكخەرانی خۆپێشاندانەكان بگرین كە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەكە نەبوون و ئامانجیش لە گرتنیان تەنیا پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵكی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ كەسێك نەبێتە قوربانی.



وشە - وشه‌