گفتوگۆكان بۆ رێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن

:: AM:09:38:28/06/2025 ‌
لە دوێنێوە گفتوگۆی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا بەردەوامی هەیە و ئامانجیش ئەوەیە بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر كێشەكانی نێوانیان، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەمڕۆ یان سبەی شاندێكی باڵا لە عێراقەوە بگەنە هەولێر.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە دوێنێوە گفتوگۆكانی نێوان شاندی دانوستانكاری هەولێر و بەغدا لەبارەی چارەسەری كێشەكانی نێوانیان بەردەوامی هەیە.

ئەوەش زانراوە، پێدەچێت بەمنزیكانە ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنە لە نێوان بەغدا و هەولێر بكرێت، دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیا (سۆمۆ) دەست پێ بكاتەوە و تەنگژەی مووچەی فەرمانبەرانیش چارەسەر بكرێ.

رێككەوتنەكە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی (سۆمۆ) بەشێوەیەك دەكرێت كە وەزارەتی دارایی فیدراڵی، بەرپرسیار دەبێت لە پێدانی تێچووی كۆمپانیا نەوتییەكان، هاوكات گرەنتیی دروستنەكردنی هیچ ئاستەنگێك بە كۆمپانیاكان دەدرێت.

هاوكات، پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ یان سبەی شاندێكی باڵای عێراق بۆ تەواوكاری رێككەوتنەكە، بگەنە هەولێر و گفتوگۆكان بەردەوامی هەبێت بە ئامانجی چارەسەری كۆی ئەو خاڵانەی لە گفتوگۆكان تێبینیی لەسەر بووە.

مانگی حوزەیران بەرەو كۆتایی دەچێت، تا ئێستە حكوومەتی عێراق مووچەی مانگی ئایاری نەناردووە، ئەمەیش بە هۆی بڕیارێكەوە كە لەلایەن وەزیری دارایی عێراق دراوە، بڕیارەكەیش لەلایەن شارەزایانی یاسایی و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانتاران بە نادادپەروەرانە و نادەستووری وەسف كراوە.



وشە - رامیار جەواد