گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدای بەردەوامی هەیە، هەردوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، بڕیاریان داوە كۆبوونەوەكانیان دوور لە چاوی كامێراكان بێت، تا ئەو كاتەی دەگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.
ئەمڕۆ یەكشەم 29ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەمڕۆش گفتوگۆكانی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا بەردەوامیی دەبێت.
ئەوەش زانراوە كە هەردوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، بڕیاریان داوە كۆبوونەوەكانیان دوور لە چاوی كامێراكان بێت، تا ئەو كاتەی دەگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو شاندەی حكوومەتی عێراق كە پێنجشەم لە هەولێر بوو، ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ شاندێكی هەرێمی كوردستان گەڕانەوە بەغدا.
شاندەكە پێكهاتووە لە نوێنەری وەزارەتی دارایی، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرهێنان و بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دابەشكردن، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هەرێم كۆبوونەوەی چڕوپڕی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەبوو.
بۆ چارەسەری كێشەی نەوت و كۆمپانیاكان، شاندی تەكنیكی هەردوو حكوومەت لە هەولێر لەسەر زۆرینەی پرسەكان ڕێككەوتوون، تەنیا ڕێككەوتنی كۆتایی ماوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان.
دوێنێ شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەماوە و لە بەغدا دەست كراوە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شەش.
زیاتر گوتی، كۆبوونەوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەرێنی بوون، مووچەی مانگی پێنج بنێرێت، وردبینی لە لیستەكان دەكرێت و دواتر مووچەی مانگی شەش دەنێرێت.
ئەو پەرلەمانتارە راشی گەیاند، لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، هەناردەی نەوت دەست پێ بكاتەوە، كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەبێت.