وشكبوونی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ ڕاست نییە

:: PM:01:33:29/06/2025 ‌
دوای ئەوەی دوێنێ‌ وا بڵاو كرایەوە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ وشكی كردووە، چالاكێك رای دەگەیەنێت كە هەواڵەكە راست نییە، بەڵكو لە سنووری خەلیفاندا جووتیارانیش پێویستیان بە ئاوە، بۆیە ئاوەكە گیرابووەوە بۆ كاروباری كشتوكاڵ.

ئەمڕۆ یەكشەم 29ـی حوزەیران، وریا بڵباس چالاكی ژینگەیی، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەواڵەكەی دوێنێ‌ كە بڵاو كرایەوە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ وشكی كردووە، بەدواداچوونمان كرد.

زیاتر گوتی، دەركەوت هەواڵەكە هەڵە بووە یان بە ئەنقەست وا بڵاو كراوەتەوە، چونكە ئاوەكەی وشكی نەكردووە و ئەو هەواڵە ناڕاستە.

باسی لەوەش كرد، ئاوەكە بۆ كشتوكاڵی بەكار هێنراوە، چونكە ئاوەكەی لە ناوچەی خەلیفانەوە دێت، بۆیە بۆ كاری پێویست ئاوەكە ڕاگیرا بۆ ئەوەی ناوچەكانی تریش سوودی لێ ببینن، ئەمڕۆ بەردرایەوە و هیچ كێشەیەكی نییە.

گەلی عەلی بەگ یەكێكە لە تاڤگەكانی باشووری كوردستان كە دەكەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران. ناوچەیەكی گەشتوگوزارییە و چەندان سەردانكەر لە شارەكانی تر بەتایبەت باشووری عێراقەوە سەردانی دەكەن، ئەم هاوینەهەوارە 106 كیلۆمەتر لە ناوەڕاستی شاری هەولێرەوە دوورە، بە یەكێك لە هاوینەهەوارە سەرنجڕاكێشەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دێتە ژمار.

گەلی عەلی بەگ دەكەوێتە نێوان چیاكانی كۆڕەك و برادۆست بە درێژایی 12 كیلۆمەتر، شوێنەكە بەبەرزی 800 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بڵندە، پلەی گەرمای دەگاتە 31 پلەی سیلیزی لە هاویندا و 10 پلە لە زستاندا.

 لەم شوێنەدا دوو ڕووبار بەیەك دەگەن، یەكیان لە دۆڵی ئالانەی سەربە شارەدێی خەلیفان كە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ پێكدەهێنێ، ئەوی تریان كە لە ڕەواندز هەڵدەقوڵێ، ئەویش ئاوی بێخاڵە كە زێی گەورە پێكدێنن. سەرەڕای تاڤگە گەورەكە، چەندان تاڤگەی بچووكی تری تێدایە. ئەم شوێنە بە سروشتی شاخاوییەكەی و داروبارە جۆراوجۆرەكەی، بووەتە شوێنی گەشتوگوزار كە خەڵكی زۆر ڕووی تێدەكەن لە وەرزی هاویندا، بەتایبەتی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.



وشە - رامیار جەواد