"لە سبەیەوە دەست بە خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزەیران دەكرێت"

:: PM:05:28:29/06/2025 ‌

لە چەند مانگی دوایی بەغدا بە مەبەست و هەرجارە و بە پاساوێك رەوانەكردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی دوا خستووە، شارەزایانی پێیان وایە بڕیارێكی هەڵە و ناسایاییە، كەچی وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستە مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی رەوانە نەكردووە، توێژەرێكی نزیك لە پارتی دووپاتی دەكاتەوە دوای گفتوگۆ و سەردانی شاندەكان، بڕیارە لە سبەی دووشەمەوە دەست بە خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی پێنج و شەش بكرێت. 

وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسیی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "سۆمەرییە نیوز"ی راگەیاند، لە دوای سەردانی شاندەكانی بەغدا بۆ هەولێر و هەرێم بۆ بەغدا لە لیژنەكانی دارایی و نەوت، رێككەوتن كراوە لەسەر خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە مەرجی ئەوەی بەپێی مادەی 114ی دەستووری عێراق، هەرێم نیوەی داهاتی ناوخۆیی رادەستی بەغدا بكات، جیا لە رادەستكردنی بڕی 280000 بەرمیل نەوتی رۆژانە. 

روونی كردەوە، بابەتی رادەستكردنی نەوت پێوەستە بە كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن، كێشەكە لەگەڵ ئەوانە، لایەنی توركی رازییە بە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە، بەڵام كۆمپانیاكان گەرەنتیی یاسایی و داراییان دەوێت و دەڵێن كە قەرزەكانیان كەڵەكە بووە و وەریان نەگرتووەتەوە. 

كەریم ئاماژەی كرد، بڕیار بوو لە 19ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی فەرمانێكی وەلائی بۆ رەوانەكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەربكات، بەڵام ژمارەیەك لە ئەندامانی دادگاكە دەستیان لەكار كێشایەوە، ئێستەش چەند سەرچاوەیەكی بەهێز لە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات لەوە دەكەنەوە كە لە سبەی دووشەمەوە دەست بە خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێت.

ئەمەو پێنجشەمی رابردوو شاندێكی حكوومەتی عێراق هاتە هەولێر و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەرێم كۆبوونەوەی چڕ و پڕی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەبوو، شاندی تەكنیكیی هەردوو حكوومەت لە هەولێر لەسەر زۆرینەی پرسەكان رێككەوتوون، تەنیا رێككەوتنی كۆتایی ماوە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، هاوكات شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی پرسی شایستە داراییەكان و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە، هەردوو شاندی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، بڕیاریان داوە كۆبوونەوەكانیان دوور لە چاوی كامێراكان بێت، تا ئەو كاتەی دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل