مەحما خەلیل پەرلەمانتاری كوردی ئێزیدی لە بەغدا، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هێڵی ئاسنینی عێراقی كرد، داوای كرد شنگال بەو هێڵە ئاسنینە ببەسترێتەوە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی نیشتمانی لە عێراق جێبەجێ دەكرێت.
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان كە پڕۆژەیەكی ستراتیجییە و عێراق بەچەندان وڵاتەوە دەبەستێتەوە، لە بەندەری فاو لە باشووری عێراق دەست پێ دەكات و بە پارێزگای نەینەوا و شارەدێی رەبیعەدا تێدەپەڕێت، دواتر دەگاتە بەندەرەكانی تەڕتوس و لازقیەی سووریا و پاشانیش دەگاتەوە توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.
مەحما خەلیل داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی هێڵی ئاسنینی عێراق كرد، شنگال بەو هێڵە ئاسنینە ببەسترێتەوە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی نیشتمانی لە عێراق جێبەجێ دەكرێت. رای گەیاند كە رەزامەندیی سەرەتایی لەسەر داواكارییەكەی دراوە.
ئەو پەرلەمانتارە بڵاوی كردووەتەوە، بەڕێوەبەری هێڵەكە رەزامەندیی سەرەتایی لەسەر ئەم داواكارە داوە كە شنگال بەم تۆڕە نیشتمانییە ببەسترێتەوە، لە رێگەی پڕۆژەی گەشەپێدانەوە، هێڵی ئاسنین بگاتە شنگال و شارۆچكەی شیمال و لەوێشەوە بە شارەدێی رەبیعە ببەسترێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، بەستنەوەی شنگال بەم هێڵە، زۆرترین هەلی كار لە ناوچەكە دەڕەخسێنێت، شنگالیش دەبێتە كاروانسەرایەكی بازرگانیی نێودەوڵەتی كە بە كیشوەرەكانی ئاسیا و ئەوروپا دەبەسترێتەوە.