پڕۆژەی رێگەی دووسایدی كەلار- دەربەندیخان لە قۆناغی كۆتاییدایە و بەگوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی كەلار، لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا هەموو رێگەكە دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
عەدنان خەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان رای گەیاند: كاركردن لە پڕۆژەی رێگەی كەلار- دەربەندیخان بەردەوامە، ئێستە كۆمپانیای جێبەجێكار سەرقاڵی ئەنجامدانی هێڵكارییە.
راشی گەیاند: لە سێ جێگەی جیاوازەوە كار لە رێگەكەدا دەكرێت، بڕیارە لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا كۆتاییان بێت و هەموو رێگەكە بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر رای گەیاندبوو رێگەی كەلار_دەربەندیخان، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و بڕی پارەی پێویستی بۆ دابین دەكرێت.
پڕۆژەكە درێژییەكەی 41 كیلۆمەترە، بە تەواوبوونی رێگەی سەعاتێك و 25 خولەكی نێوان ئەو دوو شارە، دەبێتە 40 خولەك، ئێستە بەشێك لە قۆناغە تەواوبووەكانی رێگەكە خراوەتە خزمەتی ھاووڵاتییانەوە.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەڵێت، "لەناو پڕۆژەكەدا 35 پردی تێدایە كە درێژییەكەیان بە چوون و هاتن، دەگاتە پێنج كیلۆمەتر و زۆرینەیان تەواو كراون، ھاوكات پردی ئاوە خێری كە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان، دەكەوێتە ناو پڕۆژەكەوە".
ئەوەش خراوەتەڕوو، "پڕۆژەكە لە رابردوودا تەنیا لە 15%ی تەواو كرابوو، بەڵام لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، بڕیاری تەواوكردنی درا.