شاندی عێراق ئەمڕۆ چییان گوت؟

:: PM:04:04:30/06/2025 ‌
كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەغدا لەبارەی پرسی نەوت و كێشەكانی تری ئابووری بەردەوامی هەیە. هەردوو شاندەكە گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی بۆ رێككەوتن، بەڵام شاندی عێراق گوتوویانە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكان سبەی لە ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ‌ دەكرێت. 

رۆژانی سێشەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات، بڕیارە لە كۆبوونەوەی سبەیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هەردوو شاندەكە تاوتوێ‌ بكات. 

ئەمڕۆ دووشەم 30ی حوزەیران، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی گوت، رێككەوتنی كۆتایی نزیكە و ماوە رابگەیەنرێ‌، بەڵام ئەمڕۆ شاندی عێراق بە شاندەكەی هەرێمی كوردستانیان گوتووە، پێیان باشە ئەنجامی كۆبوونەوەی هەردوو شاند ببەنە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەردوو شاندەكە سوورن لەسەر ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەوەی پێداگریی دەكات دوای ئەو ئارامگرتنە و راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، چونكە دەیانەوێ‌ ئەو كێشانە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێن و دووبارە دروست نەكرێنەوە. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم