كەناڵی كەی ئێن ئێن، كە زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، لە دوا ساتەكانی تەمەنیدا خۆی بۆ باڵی گۆڕانى كوردسات، یەكلا كردەوە.
كەناڵی كەی ئێن ئێن، ساڵی 2009 لە چوارچێوەی پڕۆژەی كۆمپانیای وشە بۆ راگەیاندن دامەزرا، كە ئەو كاتە نەوشیروان مستەفا ئەمین رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان سەرپەرشتیی كەناڵەكەی دەكرد. كەناڵەكە چەندان قۆناغی بڕی، تا ئەو كاتەی شەوی ڕابردوو میدیای گۆڕان بە تەواوی مۆمی كەناڵەكەیان كوژاندەوە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ماوەی چەند ساڵێكە كەناڵی كەی ئێن ئێن خراوەتە دەرەوەی گردی زەرگەتە، لەسەر راسپاردەی كوڕانی نەوشیروان مستەفایش لەم دواییانەدا بودجە و پارەی كەناڵەكە بڕا، تا دواتر دانا ئەحمەد مەجید و عومەر سەید عەلی، پارەیان بۆ كەناڵەكە تەرخان كرد.
لە ململانێیەكانی ئەم دواییەی ناو گۆڕاندا، كەناڵی كەی ئێن ئێن نەیتوانی سەربەخۆیانە لەنێوان هەردوو باڵدا كار بكات، خۆی بۆ باڵی كوردسات یەكلایی كردەوە، ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بوو كە بەڕێوەبەر و بەشێكی سەرەكی لە كارمەندانی كەناڵەكە، دەست لە كار بكێشنەوە.
بە دەست لە كار كێشانەوەی داهێن هاشم، بەڕێوەبەری گشتیی كەناڵی كەی ئێن ئێن، هاوكات بێژەرە سەرەكییەکان و بەڕێوەبەری رادیۆی گۆڕان لە دوای كۆنفرانسە تێكچووەكەی بزووتنەوەكە، كەناڵەكە بە تەواوی كەوتە پەلەقاژەی مەرگی و نەتوانرا لەلایەن ئەوانەی لەو كەناڵەدا ماونەتەوە ئیدارە بدرێن.
دامەزراوەی میدیایی گۆڕان، لە بەیاننامەیەكدا مەرگی كەناڵەكەیان راگەیاند، بە بیانووی خۆئامادەكردن بۆ وەرزێكی نوێی كاركردنی كەناڵی كەی ئێن ئێن، كەناڵەكەیان داخست.
سەرچاوەیەكی ناو گۆڕانی كوردسات، بە "وشە"ی گوت، بەهۆی ئەوەی گۆڕان وەك حزبی سیاسی هیچ چالاكییەكی نەماوە و بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش ناكات، بۆیە كەناڵەكە داخرا.
هۆكارێكی تری داخستنی كەناڵەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە بەڕێوەبەری پێشووی كەناڵی كەی ئێن و ئێن و زۆرینەی رۆژنامەنووسانی كەناڵەكە دەستیان لەكار كێشایەوە، بۆیە كەناڵەكە شكستی هێنا و نەتوانرا ئیدارەی بدرێ جیا لەوەیش بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەبردن لە بەردەستدا نەبوو.