شەوی رابردوو چی رووی دا؟

:: AM:09:34:01/07/2025 ‌
درەنگانی شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەند هێرشێكی مووشەكی و درۆن و كاتیۆشا لە چەند پارێزگایەكی عێراق روویان دا كە ئەو هێرشانە زیانیان هەبووە.

شەوی رابردوو سێ كاتیۆشا ئاراستەی فڕۆكەخانەی كەركووك كران، دووانیان لە فڕۆكەخانە و یەكێكیشیان لە ماڵی هاووڵاتییەكی سڤیل لە گەڕەكی عرووبە كەوتە خوارەوە.

هاوكات لەلایەكی ترەوە بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، هێرش كرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە سەڵاحەدین و بەدیاریكراوی پاڵاوگەی بێجی كرایە ئامانج.

لە هەمان كاتدا شەوی رابردوو دوای ئەوەی قوتابخانەیەك لەناو كەمپی دەركار لە نزیك زاخۆ بە درۆن كرایە ئامانج، لە سنووری دیالە و سەڵاحەدینیش درۆن بە ئاسماندا دەسووڕایەوە.

بەپێی راگەیەنراوی فڕۆكەخانەی كەركووك، بۆردمانەكە زیانی مادیی هەبووە و یەك كارمەندی فڕۆكەخانەش بە سووكی بریندار بووە.

بەپێی لێدوانی رێبوار تەها پارێزگاری كەركووك، بۆ "وشە"، گومان دەكرێت ئەو كاتیۆشایانە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە هەڵدرابن، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێكی باڵای داعش لە سنووری كەركووك كوژرا.

لەلایەكی ترەوە لە دوای سەعات 2:00ی بەرەبەیان، لە رێگەی چەند درۆنێكەوە كە بەپێی لێدوانی عادل ئەحمەد قایمقامی قەزای بێجی؛ ژمارەیان زیاتر لە 10 درۆن دەبوو، هێرش كرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین.

قایمقامی قەزای بێجی باسی لەوەش كرد، ئەوە یەكەمجارە بەو جۆرە هێرش بكرێتە سەر پاڵاوگەی بێجی.

ئەوەشی خستە روو، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاڵاوگەكە، توانیویەتی درۆنەكان بخاتە خوارەوە و زیان بە پاڵاوگەكە نەكەوتووە.




وشە - رامیار جەواد