ئەمڕۆ چوارشەم، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ كە لە هەولێر و بەغدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان ئەنجام دران، كە تایبەت بوون بە دەست پێ كردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و بەدواداچوونی خەرجكردنی مووچەكانی هەردوو مانگی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە، كە هەر پابەندییەك لە سەر هەرێمی كوردستان بووە، بەزیادەوە جێبەجێی كردووە، هەرێم هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ دەست پێ كردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ. ئێستە هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان، بە هەموو شێوەیەك ئامادەیی هاوكارییان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ پێشان داوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، ئەویش لە پێناوی بڕینی هەموو ئەو پاساو و بیانووانەی كە بەغدا بەكاریهێناون بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی خەڵكی كوردستان.
كۆبوونەوەكە دووپاتی كردەوە، ئێستە هەموو لایەك چاوەڕێی بڕیاری حكوومەتی فیدراڵ دەكەن بۆ پەسەندكردنی ئەو لەیەكتێگەیشتنە هاوبەشانەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان هەردوولا بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان هاتووەتە ئاراوە، كە بە دەست پێ كردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانوویەك لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵ نامێنێت بۆ خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، بە تایبەتیش كە هەموو بابەتەكانی پێوەندار بە لیستی مووچە، ژمارەی وەزیفی، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم، بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم، ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێكراون و حكوومەتی هەرێم بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێكردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغدا دەبێت كۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی مووچەی خەڵكی كوردستان بهێنێت، کە مووچە مافێكی ئاسایی و یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانی هەرێمە، بە هەموو یاسا و ڕێسایەك نابێت لەژێر هیچ پاساوێك، لەم مافەی خۆیان بێبەش بكرێن.
پاشان لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێكی لەبارەى خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان خستە ڕوو، كە چەندان ئامار و زانیاری و ڕاسپاردە و پێشنیاری لەخۆ گرتبوو، بە مەبەستی پاراستنی مافی كرێكاران و كارمەندانی دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت، لە ڕێگەی برەودان بە سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و دابینكردنی مافی خانەنشینی بۆ كارمەندانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، چالاككردن و ڕێكخستنەوەی میكانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی هاوبەشی خاوەنكارەكان لە دابینكردنی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، تا لە داهاتوودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو كرێكار و كارمەندانەی كە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەبن، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە مووچەی خانەنشینی و شایستەكانی تر و ئەو ئاسانكاری و خزمەتگوزارییانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی هاتوون.
ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، گفتۆگۆی لەبارەی پێشنیار و ڕاسپاردەكان كرد و بڕیار درا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتریان بۆ بكات بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.