ناوی فەرمانبەران داخلی سیستمی كۆمپیوتەر كرا و هەفتەی داهاتوو تیروپشكیان بۆ دەكرێت و فەرمانبەران ژمارەی زەوییەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، مەریوان حاكم هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سنووری شارەوانییەكانی هەولێر، 42 هەزار كەس بڕیاری وەرگرتنی زەوییان هەیە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ قۆناغێكی تر لە ئامادەكاریی دابەشكردنی زەوی جێبەجێ كرا، ناوی ئەو كەسانەی هەفتەی داهاتوو زەوی وەردەگرن، داخلی سیستم كراون و هەفتەی ئایندە زەوی وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر دەشڵێت، ئێمە زەویمان لە سنووری 18 شارەوانی ئامادە كردووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی زەویی فەرمانبەران بكرێت، هەموو فەرمانبەرێك كە رەزامەندیی حكوومەتی هەبێت، سوودمەند دەبێت لە وەرگرتنی پارچەیەك زەوی.
گوتیشی، ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن كارتی زانیاری كراوەتە بنەما بۆ ئەوەی هەر كەسە و لە شوێنی خۆی سوودمەند بێت لە وەرگرتنی زەوی، لەبەرئەوەش كارتی زانیاریی فەرمانبەرەكە له كوێ بێت، هەر لەو سنوورە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبێت.