نیوەڕۆی ئەمڕۆ درۆنێكی نەناسراو لە سنووری گەرمیان كەوتە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی و مادیی نەبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، بەپێی زانیارییەكان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری نێوان شارەدێی سەرقەڵا و كۆكس لە گەرمیان، درۆنێك كەوتووەتە خوارەوە.
بەپێی زانیارییەكان، درۆنەكە لە پشت گوندی سەیدەی سەربە شارەدێی سەرقەڵا و نزیك گوندی سەید ماڵە و كانی گەرمكی سەربە شارەدێی كۆكس كەوتووەتە خوارەوە، رووداوەكەش زیانی گیانی و مادیی نەبووە.
كەوتنەخوارەوەی ئەو درۆنە لە كاتێكدایە هێشتا نەزانراوە لە كوێوە ئاراستە كراوە و ئامانجەكەش چ شوێنێك بووە.
لەلایەكی ترەوە عەقید سەلام عەبدولخاڵق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم رای گەیاند، لە نزیك شارەدێی كۆكس لە سنووری گەرمیان درۆنێكی بۆمبڕێژكراو كەوتەخوارەوە و دەستبەجێ تیمەكانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە و كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
چەند رۆژێكە درۆنی نەناسراو چەند ناوچەیەكی جیاوازی لە سنووری كەركووك و سلێمانی و هەولێر و زاخۆ كردوەتە ئامانج، تا ئێستەش دەستی پشتەوەی ئەم كارانە ئاشكرا نەكراون.