وەزیری تەندروستی: نەخۆش نەك ناچێتە دەرەوەی وڵات پێویست ناكات بێنە سەنتەری شارەكانیش

:: PM:07:03:03/07/2025 ‌
وەزیری تەندورستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە كوردستان رێژەی مردن و پەككەوتن لە خوار ستاندەری جیهانییە كە ستاندەرەكە لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دانراوە و ئەوەیش بەهۆی ئەو خزمەتەیە كە لە كەرتی تەندروستی پێشكەش دەكرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تەمووز، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، رێژەی مردن و پەككەوتە لە هەرێمی كوردستان زۆر كەمە و لەخوار ستاندەرە جیهانییەكانەوەیە، كە هەموو ئەوانە بەهۆی پێشڤەچوونە لە كەرتی تەندروستی. 

وەزیری تەندروستی ئەوەیشی گوت، ئێستە چەندان نەخۆشخانەی تایبەت بە پسپۆڕی جگە لە نەخۆشخانەی گشتیی كراونەتەوە، ئێستە وای لێ‌ هاتووە بە دەگمەن حاڵەتی نەخۆشی لەناوچەكانەوە رەوانەی شارەكان دەكرێن و هەموو پێویستییەكی تەندروستی لە هەموو شوێنێك دابین كراوە. 

د.سامان بەرزنجی سەرنجی خستەسەر ئەوەی كە سەرباری تەنگژەی دارایی و ئەو دۆخەی بەغدا دروستی كردووە بەڵام خزمەتكردنی تەندروستی ناوەستێت. هەروەك هیوای خواست بەغدا دەست لەسەر بە كۆمەڵ سزادانی خەڵكی كوردستان هەڵبگرێت. 

داوایشی كرد هاووڵاتییانی كوردستان متمانە بە كەرتی تەندروستی حكومی بكەن، وەك ئەو گوتی، نەخۆش لە كوردستان نەماوە بۆ تەندروستی بچێتە دەرەوەی وڵات و ئەو حاڵەتانەی هەیە بۆ ئارەزووی خۆیانە. 

هەروەك سوپاسی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كرد كە بودجەی پێویست بۆ كەرتی تەندروستی و نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكان دابین دەكات. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم