بەپێی دوو بەڵگەنامەی فەرمی کە دەست "وشە" کەوتووە، دادگاکانی لێکۆڵینەوەی هەولێر و سلێمانی فەرمانی گرتنیان بۆ ئەحمەد حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، دەرکردووە.
لە نووسراوی یەکەمدا کە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێرەوە دەرچووە، داوا لە هێزەکانی پۆلیس کراوە کە تۆمەتبار "ئەحمەد حەمە ڕەشید ئەحمەد" بگرن و ڕووبەڕووی دادگای بکەنەوە. نووسراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو بەپێی ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عێراقی داواکراوە.
هاوکات، لە بەڵگەنامەیەکی تردا کە لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێرەوە دەرچووە و ئاڕاستەی دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی كراوە، مێژووەکەی بۆچواری حوزەیرانی 2025) دەگەڕێتەوە، دووپات لەسەر جێبەجێکردنی هەمان بڕیاری گرتن کراوەتەوە بۆ هەمان تۆمەتبار و بەپێی هەمان ماددەی یاسایی.
ماددەی 226ی یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە "سوکایەتیکردن یان بێڕێزیکردن بە دەسەڵاتە گشتییەکان یان دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت".