ئەو مادە یاساییەی ئەحمەد حاجی ڕەشیدی پێ داوا کراوە چییە؟

:: PM:09:06:03/07/2025 ‌
دوای ئەوەی دادگاکانی لێکۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی گرتنی بۆ ئەحمەد حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، بەپێی ماددەی226ی یاسای سزادانی عێراقی دەرکرد، پرسیار لەسەر ناوەڕۆک و هۆکاری بوونی ئەم مادەیە لەنێو خەڵکدا دروست بووە.

بڕیارەکە لە ڕێککەوتی چواری حوزەیرانەوە دەرچووە و پاش تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک، تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ناوبراو نەگیراوە.

سۆران خالید پارێزەر و شارەزای یاسایی، لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" وردەکاری و هۆکاری بوونی ئەو مادەیەی لە یاسادا ڕوون کردەوە و ڕای گەیاند، ئەم مادەیە پایەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی شکۆ و هەیبەتی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

 پارێزەر سۆران خالید دەقی ماددەکەی خستەڕوو كە دەقەكەی بەم شێوەیەیە، یاسای 226ی سزادانی عێراقی :هەر کەسێک بە ئاشکرا سوکایەتی بە پەرلەمان، حکوومەت، دادگاکان، هێزە چەکدارەکان، یان هەر دەستە و دامەزراوەیەکی گشتی یان فەرمانگەیەکی فەرمی بکات، سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەیەک کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن، یان بە هەردووکیان، دەدرێت."

ئەو پارێزەرە لە شیکردنەوەی مادەکەدا گوتی، فەلسەفەی بوونی ئەم مادەیە، پاراستنی هەیبەت و شکۆی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانیەتی. ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە پشێوی و بەکارهێنانی ئازادیی ڕادەربڕین بۆ لێدان لە پایەکانی دەوڵەت. جیاوازییەکی ڕوون هەیە لەنێوان ڕەخنەی بنیادنەر و سووکایەتیی ڕاستەوخۆ کە متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی وڵات دەشێوێنێت."

زیاتر گوتی، ئەم یاسایە ڕێگری لە ڕەخنەی سیاسی ناکات، بەڵکو سنوورێک بۆ زمانی زبر و تۆمەتی بێبنەما و سوکایەتیکردن دادەنێت. هیچ سیستمێکی دیموکراسی لە جیهاندا ڕێگە نادات بە ناوی ئازادییەوە هێرش بکرێتە سەر بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتداری وەک دادگا و هێزە چەکدارەکان، چونکە لاوازکردنیان دەبێتە هۆی لاوازبوونی تەواوی کۆمەڵگە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەحمەدی حاجی رەشید لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی "عەهد"ـی میلیشیاكانی عێراق گوتبووی، هەندێك حزبی كوردی خزمەتی گەورەیان پێشكەشی ئیسرائیل كردووە و بەلایەنی كەمەوە كارئاسانییان كردووە بۆ بردنە ژوورەوەی 10 هەزار "درۆن" بۆ خاكی ئێران لە كوردستانەوە. 



وشە - پۆڵا مەحموود