لە ماوەی دوایی، بەتایبەتی لە دوای گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر میلیشیا شیعەكان و وەستانی مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی، چەندجارێك بە درۆن و كاتیۆشا هێرش كرایە سەر چەند ناوچەیەكی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەوانە پاڵاوگەی بێجی و دوو بنكەی ئاسمانی و فڕۆكەخانەی كەركووك و هەولێر و سلێمانیش، شارەزایان دووپاتیان كردەوە ئەو درۆن و كاتیۆشایانە لە ناوخۆی عێراقەوە هەڵدراون، بەڵام مەبەستیان چییە؟
د. نەوزاد هیتوتی پسپۆڕ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە لاپەڕەوی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، ماوەیەكە گرووپە چەكدارەكان دەستیان بە چالاكیی سەربازی كردووە، لە چەند رۆژی رابردوو چەند ناوچەیەكی كەركووك و دهۆك و سلێمانی و هەولێر بە درۆن و مووشەك كرانە ئامانج.
زیاتر دەڵێت، هەرچەندە تا ئێستە هیچ لایەنێك بە ئاشكرا بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ ناگرێت، بەڵام گومانی تێدا نییە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لەپشت ئەم هێرشانەدان، زۆر هۆكار هەن بۆ ئەوەی گرووپەكانی ئەو هێرشانە ئەنجام بدەن گرنگترینیان ئەمانەن:
یەكەم/ تێكدانی رەوشی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەتایبەتی بە ئامانجگرتنی پاڵاوگەی بێجی و رادارەكانی هێزی ئاسمانیی عێراق، كە پەیامێكی راستەوخۆیە بۆ سوودانی و حكوومەتەكەی و دەیانەوێ پێگەی لە هەڵبژاردنەكان لاواز بكەن، هەروەها پێ دەچێت ئێران و گرووپە چەكدارەكان لە سیاسەتەكانی سوودانی رازی نەبن، بەتایبەتی پێوەست بە دۆسیەی ئەمەریكا و شەڕی ئێران و ئیسرائیل.
دووەم/ بەئامانجگرتنی كەركووك و سلیمانی كە زیاتر ناوچەی دەسەڵاتی یەكێتین، دیسان زۆر جێگەی سەرنجە و دەكرێ ئەوەش پەیامێكی سیاسی بێت بۆ یەكێتی و پێ دەچێت لە سیاسەتەكانی رازی نەبن، چ بەرانبەر ململانێی ئیسرائیل و ئێران یان واژووكردنی گرێبەستەكانی گاز لە چەند ناوچەیەكی زۆنی سەوز، پێ دەچێت پاڵپشتیی یەكێتی لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا هۆكاریكی تری ئەم هێرشانە بن.
سێیەم/ بەئامانجگرتنی زاخۆ و هەولێریش دیارە پەیامەكەی بۆ پارتییە و دەیانەوێ گوشار لەسەر پارتی دروست بكەن، هەروەها دیارە ئەم گرووپانە هەوڵ دەدەن لە كوردستان ناسەقامگیری دروست بكەن، بەتایبەتی چەند رۆژێك پێش دەست پێكردنی شەڕی ئیسرائیل و ئێران هەڕەشەی توندیان لە هەرێم و پارتی كرد، هەروەها ئەوان دەستێكی باڵایان لە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەیە.
چوارەم/ دیسان گرووپە میلیشیاكان دەیانەوێ لە رێگەی ئەم هێرشانەوە پەیامێك بۆ ئەمەریكا بنێرێن كە ئەگەر گوشاری زیاتر لە سەر ئێران بكرێت ئەوان دەكرێنە ئامانج، ئەمە بەدەر لەوەی لەم ماوەیەدا ئەمەریكا گوشارەكانی توند كردووە بۆ ئەوەی مووچەی گرووپە چەكدراەكان ببڕدرێت، بوویە ئەمە وەڵامدانەوەی راستەوخوی ئەم گوشارانەی ئەمەریكایە.