ئەحمەد ئەلحەمدانی، ڕۆژنامەنووسی دیاری عێراقی کە بۆ ماوەی 18 ساڵ پەیامنێری کەناڵەکانی "ئەلعەرەبییە" و "ئەلحەدەس" بووە لە عێراق، لە زنجیرە پۆستێکدا هێرشێکی توند دەکاتە سەر سیاسەتەکانی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت کە حكوومەتی فیدراڵی "جەنگێکی برسیکردنی گەورە و بێوێنەی" دژ بە هاووڵاتیانی هەرێم دەستپێکردووە.
ئەلحەمدانی لە پۆستەکانیدا چەندین تۆمەتی ڕاستەوخۆ ئاراستەی بەغدا دەکات و دەنووسێت، بەغدا بە ئەنقەست مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە و لە ساڵی 2014ـەوە ڕێگریی لە دامەزراندن کردووە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دووپاتی دەکاتەوە کە بەغدا بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج، ئەویش لەرێگەی لاوازکردنی دەروازە سنوورییەکان و پەکخستنی جووڵەی بازرگانییەوە.
بە گوتەی ئەلحەمدانی، ئەم هەنگاوانە تەنیا کێشەی کارگێڕی نین، بەڵکو بەشێکن لە "گووشارێكی سیاسیی بێوێنەیە دژ بە گەلی کوردستان لەرێگەی بڕینی مووچەکانیانەوە. ئەو ئەم دۆخە بە جەنگی برسیکردن ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات کە "دوای جەنگی برسیکردن، کوردستان ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە." ( مەبەست درۆنەكەی دوێنێ شەوی نزیك فڕۆكەخانەیە)
ئەم قسانەی ئەحمەد ئەلحەمدانی هاوکاتە لەگەڵ چەندین شیکاری و توێژینەوەی نێودەوڵەتی کە لەم دواییانەدا لەسەر پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بڵاوکراونەتەوە.
بۆ نموونە، توێژینەوەیەکی ئەمەریکی کە لەلایەن پەیمانگایەکی توێژینەوەی سیاسی لە واشنتۆنەوە ئەنجامدراوە، چەندین خاڵی هاوشێوەی خستبووەڕوو و گەیشتبووە هەمان ئەو دەرەنجامانەی کە ئەلحەمدانی باسیان دەکات. لە گرنگترین مانشێتەکانی ئەو توێژینەوەیەدا هاتبوو، بەغدا بودجە و دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی ئۆتۆنۆمیی هەرێم بەکاردەهێنێت و بودجەی بەغدا ملیارەها دۆلار بۆ حەشدی شەعبی دابین دەکات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەگرێت. هاوكات ئاماژەیشی كردبوو كە خنکاندنی دارایی کوردستان ئاڵنگارییەکی ڕاستەوخۆی "دیپلۆماسییەتی بازرگانی"ـی ئەمەریکیە.