وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە ساڵانی ڕابردوو كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون، چەندان جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ دروست بوون، بەڵام نە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە، كەس سزا دەدرا.
ئەمڕۆ شەموو، پێنجی تەمووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بەداخەوە هەست دەكەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە تەناهییانەى كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
"لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندان جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لە بەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایە بەر، ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هاوئاهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لە بەردەست بوونە". وەزارەتی ناوخۆ وای نووسیوە.
هەروەها ڕای دەگەیەنن، كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بەئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات، ئەركی لەپێشینەی داودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكوومەتی فیدراڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.