مەسروور بارزانی: كێشەی ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی سیاسییە نەك تەكنیكی

:: PM:02:42:07/07/2025 ‌
 مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەك لە كادری ئۆرگانەكانی پارتی كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆكی پارتی، تیشكی خستە سەر دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە.

جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەك و هەمیشە فاكتەرێكی سەرەكی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەكەدا. هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی جەنابی سەرۆك بارزانی دا لە نزیكردنەوەی لایەنە كوردستانییەكان لە یەكتر بەتایبەتی لە ڕۆژئاڤای كوردستان، هەروەها لە كاركردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.

لەبارەی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیش، جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی دا، كێشەی ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، كێشەیەكی سیاسییە نەك تەكنیكی، چونكە بەداخەوە لە بەغدا بەشێوەیەكی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاكاری  و بە شێوەیەكی نادەستووری، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت .

دووپاتی كردەوە كە عێراق وڵاتێكی فیدراڵییە و هەرێمی كوردستانیش قەوارەیەكی دەستووریی هەیە، دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێم بگیرێت. دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێكی دەستووری خۆی نابێت . ئاماژەی بەوەش دا كە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستە لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا، كێشەی مووچەبڕینی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكرێت.

جێگری سەرۆكی پارتی گوتی، پارتی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی، داكۆكیكار و پارێزەری یەكەم و سەرەكیی ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان و گرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی كوردستانە و پارتی بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان، هەمیشە بەرەو سەركەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم