قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، ئومێد هەیە دوای كۆبوونەوەی ئەمشەو هەرێم و عێراق بگەن بە رێككەوتن.
لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان دوای كردنەوەی پڕۆژەی شەقامێك لە سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، شاندێك لە عێراقەوە هاتن بۆ ئەوەی رێككەوتن بكەین، پێشبینی ئەوەمان دەكرد دۆخەكە چاك بكەن، بەڵام وا دەرنەچوو.
ڕوونیشی كردەوە، ئێستە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدان، بەیانیی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیان هەبووە، ئەمشەویش كۆبوونەوەیان هەیە، بۆیە ئومێد هەیە بگەین بە ڕێككەوتن.
هەروەك دووپاتی كردەوە، بەردەوام ئومێد بۆ رێككەوتن هەیە بەڵام تاڵەبانی باسی ناردنی مووچە و وادەی چارەسەری كێشەكانی بە تەواوی نەكرد.
لێدوانی تاڵەبانی لە كاتێكدایە، ئێستە باس لەوە دەكرێت كوردستان و عێراق رێككەوتنێك لەنێوانیان واژوو بكرێت تا پرسی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە تەواوی چارەسەر بكرێت.