شەوی رابردوو لە سنووری ژاراوە خۆپێشاندان بەڕێوە چوو و تا سەعات دووی شەو، شەقامێكی هاتوچۆی نێوان ڕانیە قەڵادزێ داخرا، هۆكارەكەشی پێوەندیی بەكاری قاچاخچێتی بوو.
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراوە، هێزە تەناهییەكان چەند كەسێكیان گرتووە كە كاریان قاچاخچێتی بووە و گەنجانی ئەو دەڤەرەیان بۆ ئەوروپا دەگواستەوە.
ئەوەش زانراوە، شەوی رابردوو كۆمەڵێك گەنج لەسەر پردی ژاراوە گردبوونەوە و ڕێگەی قەڵادزێ ژاراوەیان داخست.
سەهەند سەمەد باوكی یەكێك لەو گەنجانەیە پارەی كوڕەكەی براوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەوانە بەنیازی چوونە دەروەە بوون، بەڵام بە گرتنی ئەو قاچاخچییانە مافی ئێمە دەخورێت.
بەپێی سەرچاوەیەك لە ناو خۆپیشاندەران، خۆپێشاندانەكە دوای ئەوە بووە كە دوێنێ چەند كەسێك بەتۆمەتی كارئاسانی بۆ ئەو گەنجانە و فێڵكردن لێیان بۆ دەرەوە، لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیراون.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو چەند كەسەی گیراون پاسپۆرت و بڕەپارەیەكی چەند گەنجێكیان پێ بووە كە خۆیان ئامادە كردبوو ڕێگەی ئەوروپا بگرنەبەر، بۆیە ئەو گەنجانە داوای گەڕانەوەی پاسپۆرتەكانیان و پارەكەیان دەكردەوە كە قاچاخچیییەكان پێشەكی پارەیان لێ وەرگرتوون.