شارەزایانی سیاسەت: به‌غدا نیه‌تی پیسە ئەگینا هەرگیز مووچەی خەڵكی نەدەبڕی

:: PM:01:50:08/07/2025 ‌
له‌ كاتێكدا له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوو به‌غدا و هه‌رێم زیاتر له‌ چوار رێككه‌وتنیان كردووه‌ له‌ باره‌ى مووچه‌ و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، سه‌ره‌ڕاى یاساى بودجه‌یش كە پەرلەمان پەسندی كردووە، به‌ڵام بەغدا هەر دوو مانگ جارێك رێككەوتنەكان پێشێل دەكات و بیانووی نوێ بە كوردستان دەگرێ. 

دوای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دەبوایە یاسا سەروەر بێت و مووچەی فەرمانبەران مانگانە بدرێت، بەڵام حكوومەتی عێراق پابەندی دادگاكانیش نابێت و بەردەوامیی دەدات بە ستەمكردن لە كوردستان.

فازیل به‌شاره‌تى شاره‌زاى سیاسه‌ت، به "وشه‌"ى راگه‌یاند، به‌غدا نیه‌تی پیسه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كوردستان، بۆیە بۆ چارەسەر ناگەڕێت، بەڵكوو ستەمەكانی سەر خەڵك زیاتر دەكات هەتا پیلانە مه‌ترسیدارەكانی جێبەجێ بكات، تەنانەت ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا نیه‌تێكى زۆر له‌وه‌ خراپتریشىان هه‌یه‌ كه‌ ئێستە بە مووچه‌ و بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان دەریانبڕیوە.

"لاتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێم نیه‌ت و پیلانى بەغدا له‌ناوبردنى قه‌واره‌ى هه‌رێمی كوردستانە‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌م كاته‌دا بۆیان نه‌كرێت یان به‌ گونجاوى نه‌زانن، ئه‌گه‌رنا ئه‌و دوو ساڵه‌ ئه‌وه‌ چه‌ندان رێككه‌وتن، ئه‌وه‌ یاساى بودجه‌، ئه‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌ى سوودانى بۆ هه‌رێم و كۆتاییهاتن به‌ كێشه‌كان، ڕێككەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی لە شوباتی ڕابردوودا و سه‌ردانى چەند جارێكی مه‌سرور بارزانى بۆ بەغدا، هەموو ئەوانە ئەگەر عێراق وڵاتی دامەزراوە و پیشەیی بوایە، نەدەبوو ئێستە كێشە بن، بەڵام هەرگیز ئەوان هیچ بە كورد ڕەوا نابینن" بەشارەتی وای گوت.

بەشارەتی داوا له‌ پارتى و یه‌كێتى ده‌كات "هه‌ست به‌و مه‌ترسییه‌ بكه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ژیان و چاره‌نووسى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه". دووپاتیشی دەكاتەوە "نابێت چاوه‌ڕێى هیچ نیه‌تێكى باش بكه‌ین به‌رانبه‌ر به‌ هه‌رێم له‌ به‌غداوه"‌.

حكوومەتی عێراق لە شوباتی 2014ـەوە دەستی بۆ كارتی برسیكردنی گەلی كوردستان بردووە و لەوكاتەوە تا ئێستە هەر ساڵەی بە جۆرێك و هەرچەند مانگ جارێك بە بیانوویەك، مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت.

كاوه‌ فه‌تحوڵا مامۆستاى زانكۆ، بە"وشە"ی گوت، لەوەتەی عێراقی فیدراڵی هەیە، هەندێك بڕیار دەدات سیاسین و دژی كورد و كوردستانن، هەموو كارەكەیشیان بە دەستبردن بۆ مووچەی خەڵكی كوردستان دەكەن، بەڵام بۆچی دەبێت بەغدا مووچەی خەڵكی كوردستان بكات بە كارتێكی گوشار بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەكانی خۆی بكات و بڕیارەكانی بەسەردا بسەپێنێت؟ فەتحوڵا هەر خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێ "ئه‌مه‌ى به‌غدا به‌ ته‌واوى گێچه‌ڵكردنه‌ به‌ هه‌رێم و خۆسه‌پاندن و لاوازكردنه"‌.

بەگوتەی ئەو مامۆستایە، لەو ململانێیەدا هەمیشە كەسانی سیاسى و شارەزا دەڵێن بەغدا نیازی باش نییە، بەڵام ئەوانەی هیچ نازانن دەڵێن بەغدا باشترە، لە كاتێكدا بەپێی دەستوور هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەری و دەسەڵات و پێگەی خۆیەتی، بۆیە ئەو سیاسەتەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێم لە دۆسیەی مووچەدا دەیكات، ئەوپەڕی ستەمە.

ئێستە عێراق دوو مووچەی كوردستانی نەداوە و بەپێی نووسراوێكیش دەڵێ، هەشت مووچەی ئەمساڵ نادەین، لە كاتێكدا پێنج ساڵیشە هیچ بودجەیەكی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكانی بە كوردستان نەداوە، بەڵام گفتوگۆ و كۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان هەردوو حكوومەتدا هەیە و هێشتا نەگەیشتوون بە چارەسەری دەستووریی.

وشه‌/ هۆشیار عه‌لى



وشە - تایبه‌ت